مامۆستایانی وانەبێژ بەردەوامن لە گردبوونەوە و ئەمڕۆش رێگای سەرەکی و دەروازەی پێنجوێنیان داخست.
مامۆستایانی وانەبێژ لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمەوە بەردەوامن لە گردبوونەوە و لە ئێستاشدا بەشێکی مامۆستایانی وانەبێژ رێگای سەرەکی دەروازەی پێنجوێنیان داخستووە و مامۆستایانی دیکەی شارەکانی تری هەرێمیش لەبەردەم پەروەردەکانیان گردبوونەتەوە.
ئەو مامۆستایانە
باس لەوەدەکەن، کە ماوەی ١٧ رۆژە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و حکومەت
وەڵامی داواکارییەکانیان ناداتەوە، بۆیە بڕیاریان داوە لە بەردەم ئەنجومەنی
وەزیرانی هەرێمدا دەست دەکەن بە هەڵدانی خێمە.
دوێنێ پەرلەمانی
کوردستان کۆبووەوە و بڕگەیەکی دانیشتنەکە بەپێی کارنامەکەیان تایبەت بوو بە
گرفتەکانی مامۆستایانی وانەبێژ، بەڵام هیچ کام لە وەزیری پەروەردە و دارایی ئامادەنەبوون
و بەهۆیەوە پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ رێگەیان نەدا دانیشتنەکە بەردەوام بێت و رایانگەیاند،
کە دەبێت بڕیار بدرێت نەوەک گفتوگۆ بکرێت و راپۆرت بخرێتەڕوو، ئەوانە چەند جاری
دیکە لە رابردوودا کراون و دەبێت بڕیار بدرێت لەبارەیانەوە و دابمەزرێندرێن.
مژدە مەحمود
پەرلەمانتاری نەوەی نوێ باسی لەوەکرد، کە حکومەت داهاتی لەبەردەستدایە و توانای
هەیە و دەتوانێت دایانبمەزرێنێت.
ئەمڕۆش بڕیارە
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆببێتەوە، بەڵام هیچ بڕیگەیەکی تایبەت بە گرفتەکانی
مامۆستایانی وانەبێژ تێدا نییە.
مامۆستایانی
وانەبێژ بەشێکی گرنگی تەواوکاری پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنن لە هەرێمی کوردستاندا،
بەڵام وەک خۆیان باسی دەکەن، ئەو بڕە پارەیە "مەقتوعە"یەی لەبری وانەکان
بۆیان دابینکراوە، جگە لەوەی کەمە و بەشی هاتوچۆکەیان ناکات نەوەک ئەو ئەرکەی
لەسەریانە؛ دواش دەخرێت و لەکاتی خۆیدا وەریناگرن، ئەوە جگە لەوەی مۆڵەتی دایکانە
و نەخۆشیان نییە و دەبێت دەوام هەربکەن.
بە جۆرێک، دوێنێ
لەکاتی گردبوونەوەی مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم پەرلەمانی کوردستاندا،
مامۆستایەک باسی لەوەکرد، کە مامۆستایەکی هاوڕێیان بەهۆی ئەوەی توشی شێرپەنجە بووە
و دەرزی کیمیایی بۆ کراوە سێ رۆژ نەچووەتەوە دەوام فەسڵ کراوە.
بەشێک لەو
مامۆستایانە ماوەی زیاتر لە ١٥ ساڵە وانەبێژن و تاوەکو ئێستا نەکراون بە گرێبەست
یان دابمەزرێندرێن، وەک خۆشیان دەڵێن، گوزەرانیان سەختە و ئەرکیان زۆرە، بەڵام
ئەوەی بەرامبەر ئەرکەکەیان پێیان دەدرێت کەمە و بەشی هاتوچۆکەیان ناکات.
هـ.ئـ