سەردێڕ:

شەوی رابردوو لە دیالە چی روویدا؟

AM:08:46:27/10/2021

8712 جار خوێندراوەتەوە

شەوی رابردوو چەکدارانی داعش هێرشێکی چەکدارییان بۆسەر گوندێکی دیالە ئەنجامدا و بەهۆیەوە بەپێی وتەی سەرچاوه‌یەکی پزیشکی فەرمانگەی تەندروستی ئەو شارە، ژمارەی قوربانییەکان بەرزبووەتەوە بۆ ١٢ کوژراو و ١٥ بریندار.


سەرچاوەیەک لە فەرمانگه‌ی تەندروستی دیالە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندووە، "١٥ بریندار و تەرمی ١٢ کوژراو گەیەندراوەتە نەخۆشخانەکان، کە بەهۆی هێرشەکەی داعش بۆ سەر گوندی رەشاد بوونە قوربانی".

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە، برینی ژمارەیەک لە بریندارەکان سەختە.

پێشتریش شەعلان کاملی ئەفسەر لە پۆلیسی پارێزگای دیالە راگەیاندبوو، ژمارەیەک چەکداری داعش بە کلاشینکۆف و نیشانه‌شكێن هێرشیان کردووەتە سەر گوندی رەشاد لە پارێزگای دیالە.

ئەوەشی خستبووەڕوو، داعش تەقەیان لە خەڵکی گوندەکە کردووە و دواتر بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون و هێزە ئەمنییەکانیش هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینان بۆ دۆزینەوەی هێرشبەرەکان دەست پێکردووە.

وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی چەکداریی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە ھاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەردا گرت راگەیاند، بەڵام تاوەکو ئێستا رێکخراوەکە لە رێگەی پاشماوە و شانە نوستووەکانی ناو بەناو کردەی چەکداریی ئەنجام دەدات بەتایبەت لە ناوچەی نێوان پارێزگاکانی کەرکوک و سەڵاحەددین (باکور) و پارێزگای دیالە (رۆژھەڵات)، کە بە "سێگۆشەی مەرگ" ناودەبرێت.













گەلەری