سەردێڕ:

شەڕەکەی داعش و هێزە ئەمنییەکان بەردەوامە

PM:11:16:26/10/2021

18268 جار خوێندراوەتەوە

جێگری پارێزگاری دیالە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "چەکدارانی داعش بەشێوەیەکی بەرفراوان هێرشیان کردووەتە سەر گوندێکی سەر بە پارێزگای دیالە و تا ئێستاش ١٣ کەس کوژراون و زیاتر لە ٢٥ کەسیش برینداربوون".


کەمێک پێش ئێستا، کەریم عەلی جێگری پارێزگاری دیالە تایبەت بە ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، گرووپی چەکداری داعش لە چەندین لاوە و بەشێوەیەکی بەرفراوان هێرشیانکردووەتەسەر گوندێکی شیعەمەزهەبی سەر بە قەزای میقدادیەی سەر بە پارێزگای دیالە و بەوهۆیەشەوە، ١٣ کەس کوژراون کە زۆربەیان کەسانی مەدەنین و زیاتر لە ٢٥ کەسیش برینداربوون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی جێگری پارێزگاری دیالە، لە ئێستادا شەڕ و ئاڵۆزییەکی توند و قورس لە نێوان چەکدارانی داعش لەلایەک و هاوڵاتیانی گوندەکە و هێزەئەمنییەکان بەردەوامە و تا دێت شەڕەکە قورستر دەبێت لە نێوان هەردوولادا.

هاوکات پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە گەرمیان باسی لەوەکرد، لە هێرشەکەیاندا چەکدارانی سەر بە داعش، مینیان لەسەر رێگاکانی دەوری گوندەکە چاندووە و بە چەکی قەناسیش هاوڵاتیان گوندەکە و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانیان کردووەتە ئامانج.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، چەکدارانی سەر بە گرووپی چەکداری داعش هێرشیانکردووەتەسەر گوندی رەشادی سەر بە قەزای میقدادیەی سەر بە پارێزگای دیالە، تا ئێستاش بەهۆی شەڕەکەوە ١٣ کەس کوژراون و ٢٥ کەسی دیکەش بریندارن.

گرووپی چەکداری داعش، لەساڵی ٢٠١٣دا دامەزرا و لەساڵی ٢٠١٤شدا دەستیگرت بەسەر زۆربەی خاکی عێراق سوریا، دواتریش لەساڵی ٢٠١٧دا، هەریەکە لە سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بەهاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، کۆتاییهاتنی تەواوەتی ئەو گرووپەیان لەخاکی عێراق راگەیاند.

بەڵام، تائێستاش گرووپ و شانەی نوستووی ئەو گرووپە لە عێراقدا ماون و ناو بە ناویش، لەعێراق و بەتایەبتی لە ناوچە کێشەلەسەرەکانی نێوان هەرێم و عێراقدا کە بۆشایی ئەمنی تێدایە، هێرش و پەلاماری چەکداری بۆ سەر سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە و هاوڵاتییانی ئەو ناوچانە ئەنجام دەدەن.













گەلەری