سەردێڕ:

روسیا و چین ئامێرێک بۆ چارەسەری زەهایمەر دروست دەکەن

PM:05:58:20/09/2024

1168 جار خوێندراوەتەوە

زانایانی روسیا بە هاوکاریی چین ئامێرێک بۆ چارەسەری نەخۆشی زەهایمەر دروست دەکەن، کە لەڕێگەیەوە بەبێ نەشتەرگەری چارەسەر بۆ نەخۆشەکە دەکرێت.


زانایانی زانکۆی ساراتۆڤ لە روسیا رایانگەیاند، بە هاوکاری زانایانی زانکۆی هواژونگی چین، لە هەوڵدان بۆ دروستکردنی ئامێرێک بۆ چارەسەری نەخۆشی زەهایمەر و پاککردنەوەی مێشک لە ژەهراویبوون، کە لەڕێگەیەوە نەخۆشەکە بەبێ نەشتەرگەری چارەسەری بۆ دەکرێت.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، تاقیکردنەوەی کلینیکی ئەم داهێنانە لە ساڵی ٢٠٢٥ دەست پێدەکات، زانایانی زانکۆکە خەریکی خۆئامادەکردنن بۆ سوود وەرگرتن لە ئامێرەکە بۆ چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشانەی کە تووشبووی سەرەتای زەهایمەرن.

ئەوەشیان خستووەتە روو، پێشتر ئامێرەکە لە شێوەی کڵاوێکی زیرەک بوو، لەئێستادا شێوەکەیان گۆڕیوە بۆ شریتێك کە لە کاتی خەوتندا دەتوانرێت سوودی لێببینرێت و ئاسانتر بەکار بهێنرێت بۆ نەخۆشەکە.

هاوکات باسیان لەوەش کرد، شریتەکە لە ئێستادا لەژێر تاقیکردنەوەی سەلامەتیدایە، جگە لەوەی لە چارەسەری نەخۆشی زەهایمەردا بەکار دەهێنرێت، یارمەتیدەرە بۆ پاککردنەوەی مێشک لە ژەهر.

بەگوێرەی ئامارەکان، لە ٣٥٪ـی ئەو کەسانەی کە رۆژانە کەمتر لە شەش کاتژمێر دەخەون، دوای ٢٠ ساڵ تووشی خڵەفان دەبن، چونکە مێشک لەکاتی خەودا ژەهرەکان لادەبات، بەڵام لەم حاڵەتەدا کاتی پێویست نییە بۆ پاککردنەوەی تەواوی مێشک لە ژەهر.













گەلەری