سەردێڕ:

پێنسیلڤانیا تا ئێستا خۆی یەکلایی نەکردووەتە دەنگ بە کام کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەدات

PM:04:28:20/09/2024

1088 جار خوێندراوەتەوە

پێنسیلڤانیا یەکێکە لە گرنگترین ویلایەتە خۆڵەمێشییەکانی ئەمریکا کە ئەمساڵ تەنیا لە رۆژی هەڵبژاردندا یەکلایی دەبێتەوە دەنگیان بە کام کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمریکا داوە، هەر بۆیە بەردەوام هەردوو کاندید سەردانی دەکەن تا دەنگەکانیان مسۆگەر بکەن.


پێنسیلڤانیا؛ یەکێک لە ویلایەتە خۆڵەمێشییەکانی ئەمریکا، کە تا ئێستا یەکلایی نەبووەتە زۆرینەیان دەنگ بە کام کاندیدی سەرۆکایەتی دەدەن، هەربۆیە هەردوو کاندیدی سەرۆکایەتی پێی لێ نابڕن و بەردەوام لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا سەردانی دەکەن.

پێنسیلڤانیا یەکێکە لە ویلایەتە پیشەسازییەکانی باکووری ئەمریکا، کە بە پیشەسازیی چەک بەناوبانگە و رۆڵی گەورەی هەیە لە بەهێزکردنی ئابوورییەکەی.

وێڕای ئەوەی لە شەش هەڵبژاردنی پێش هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦ لایەنگری دیموکراتەکان بووە، کەچی ساڵی ٢٠١٦ زۆرینەی دانیشتوانی ویلایەتەکە دەنگیاندا بە دۆناڵد ترەمپ.

بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠، جارێکی دیکە دەنگیان بە دیموکراتەکان دا و جۆ بایدن توانی رێژەی ٥٠٪ ـی دەنگەکان بەدەست بهێنێت، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ رێژەی ٤٨.٨٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا، کە ئەوەش یەکلاکەرەوە بوو تا جۆ بایدن بخاتە سەر کورسی سەرۆکایەتی لە کۆشکی سپی.

ئەم ویلایەتە لە کۆمەڵگەی هەڵبژاردندا خاوەنی ١٩ دەنگە و ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی ١٣ ملیۆن کەس دەبێت.

هەر لەم ویلایەتە بوو کە دەستووری ئەمریکا نووسرایەوە و مانگی تەمموزی رابردووش دۆناڵد ترەمپ دووچاری هەوڵی تیرۆکردن بووەوە و گوێچکەیەکی برینداربوو.

هەر بۆیە ترەمپ و هاریس بە توندی تیشکیان خستووەتە سەری و بەر لە ئەنجامدانی کۆنگرەی دیموکراتەکان لە مانگی ئابی رابردوودا، کامالا هاریس کاندیدی دیموکراتەکان لەگەڵ جێگرەکەی تیم وایلز چوونە ویلایەتەکە و بانگەشەیان کرد.

زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە پەیوەندییەکانی هاریس لە پێنسیلڤانیا لاوازە، چونکە (جۆرش شاپیرۆ) حاکمی ویلاتەکە کاندێکی بەهێز بوو تا هاریس بیکاتە جێگری خۆی، بەڵام لەبری ئەو بڕیاریدا (تیم وایڵز) بکاتە جێگری خۆی.

ئەوە لە کاتێکدایە کە بەپێی ژمارەیەک راپرسی، تا ئەم ساتە هەردوو کاندیدی سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا رێژەى دەنگەکانیان یەکسانن، بەو پێیەی لە دوای کشانەوەی جۆ بایدن لە کێبڕکێکە، بنکەی جەماوەریی هاریس تا رادەیەک بەرەو باشی چووە.

ئەگەرچیش دۆسیەی ئابووری گرنگترین دۆسیەیە بەلای ئەمریکییەکانەوە و لەو رووەوە ترەمپ تیایدا سەرکەوتووە، بەڵام بەلای دەنگدەرەی پێنسیلڤانیا هەندێک دۆسیەی دیکە هەن کە لە ئابووری کەمتر نین، وەک چاودێریی تەندروستی و ئاسایش و خوێندنگە حکومییەکان، کە پێویستە لەسەر هەر کاندیدێک پرۆگرام و بەڵێنی هەبێت بۆ پێشخستنیان.













گەلەری