سەردێڕ:

عێراق لە ریزبەندی کڕینی موڵک لە تورکیا پلەیەکی دیکە دابەزی

PM:03:20:17/09/2024

1688 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی لە رابردوودا عێراق لە ریزبەندی کڕینی موڵک لە تورکیا لە پێشەوە بوو، بەڵام لە مانگی ئابدا پلەیەکی دیکە دابەزی و ئێستا لە پلەی پێنجەمی ریزبەندییەکەدایە.


دەستەی ئاماری تورکیا رایگەیاند، عێراق لەماوەی مانگی ئابدا پلەیەک دابەزیوە لە ریزبەندی کڕینی موڵک لە تورکیا و ئێستا لە پلەی پێنجەمی ریزبەندییەکەدایە.

دەستەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، لەماوەی مانگی ئابی ئەمساڵدا رێژەی کڕینی موڵک لەلایەن کەسانی بیانییەوە ٢٦.٦٪ دابەزیوە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو.

 

ئەوەش هاتووە، زۆرینەی ئەو موڵکانەی لە مانگی رابردوودا لەلایەن کەسانی بیانییەوە کڕدراون لە ئیستانبوڵ بووە و ژمارەیان ٨٣٨ موڵک بووە، بەدوای ئەودا ئەنتاڵیا بە ٦٩٦ موڵک و مێرسین بە ١٧٤ موڵک.

دەستەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لە ریزبەندی یەکەمدا رووسەکان دین بە کڕینی ٣٨١ موڵک، دواتر ئێرانییەکان بە کڕینی ١٧١ موڵک، بەدوای ئەواندا ئۆکرانییەکان بە ١٦١ موڵک، لە پلەی چوارەمدا ئەڵمانیا بە کڕینی ١٣٩ موڵک، عێراقیش لە پلەی پێنجەمدایە بە کڕینی ١٣٦ موڵک. بەدوای عێراقیشدا کازاخستان و ئازەربایجان و کوێت دێن.

لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە عێراقییەکان لە ریزبەندی یەکەمی کڕێنی موڵکدا بوون لە تورکیا، لەدوای ساڵی ٢٠٢١یشەوە پلەیەک دابەزین بۆ دووەمی ریزبەندییەکە، لەدوای ئەوەوە ساڵ بەساڵ پلەکەیان لە ریزبەندیەکەدا دادەبەزێت.

جگە لە کڕینی موڵک، لەرووی گەشتیاریشەوە عێراق لە ریزبەندی چوونی زۆرترین گەشتیار بۆ تورکیا پلەیەک دابەزیوە، لەکاتێکدا ساڵانی رابردوودا لە پلەی یەکەمی ریزبەندییەکەدا بوو، بەڵام تەنها لە مانگی هەشتی ئەمساڵدا بەراورد بە مانگی هەشتی ساڵی رابردوو، رێژەی ١.٨٨٪ی گەشتیاری عێراقی کەمی کردووە.













گەلەری