سەردێڕ:

کاریگەری تێکەڵکردنی هەنگوین و ماست لەسەر کۆئەندامی هەرس چییە؟

PM:03:24:10/09/2024

2144 جار خوێندراوەتەوە

ئەگەر کەسێکیت ئارەزووی خواردنی ماست دەکەیت لە بەیانیاندا ئەوا پێشنیار دەکرێت لەگەڵ کەوچکێک هەنگوین تێکەڵی بکەیت، جگە لەوەی تامێکی خۆشی دەبێت سوودی تەندروسیشی هەیە.


توێژینەوەیەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامدراوە، سوودی سەرسوڕهێنەری زیادکردنی هەنگوین بۆ ماستی ئاشکرا کردووە، بەو پێیەی ئەم تێکەڵەیە یارمەتی بەرزکردنەوەی بەکتریا سوودبەخشەکان "پرۆبایۆتیک" دەدات کە رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە تەندروستیی کۆئەندامی هەرسدا.

بە وتەی هانا هۆلشێر، مامۆستای یاریدەدەری زانستە خۆراکییەکان، تێکەڵکردنی ماست و هەنگوین شتیکی باو و ئاساییە و لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ئەم تێکەڵکردنە بەشدارە لە مانەوەی بەکتریا سوودبەخشەکان لە کاتی پرۆسەی هەرسکردندا، هەرچەندە کۆئەندامی هەرس ئەنزیمگەلێکی تێدایە کە هەرسکردن ئاسان دەکات، بەڵام رەنگە کاریگەری نەرێنی لەسەر توانای ژیانی ئەم بەکتریایانە هەبێت، بەڵام خواردنی ماست و هەنگوین یارمەتیدەرە لە پاراستنی ئەم بەکتریایانە لە ناو ریخۆڵەکاندا.

توێژەران توێژینەوەیەکیان لەسەر ٦٦ کەسی تەندروست ئەنجامداوە، کە داوایان لێکراوە بۆ ماوەی دوو هەفتە رۆژانە ماست لەگەڵ هەنگوین بخۆن، ئەنجامەکان دەریانخستووە کە ئەم تێکەڵەیە یارمەتیدەر بووە لە پاراستنی بەکتریا سوودبەخشەکان لە ریخۆڵەکاندا.

لە هەمان کاتدا بۆ ئەوەی بزانن ئایا شەکر هەمان کاریگەری هەبووە یان نا، توێژەران توێژینەوەیەکیان لەسەر ٣٦ کەس ئەنجامدا کە ماستیان لەگەڵ شەکردا خواردووە، ئەنجامەکان دەریانخستووە کە هەنگوین کاریگەرتر بووە لە پاڵپشتیکردنی مانەوەی بەکتریا سوودبەخشەکان بە بەراورد بە شەکر، ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە هەنگوین تەنها شیرینکەر نییە، بەڵکو سوودی تەندروستیی زۆری هەیە.

هەرچەندە هەنگوین شەکری زیادکراوی تێدایە، بەڵام ئەو سوودە تەندروستیانەی کە پێشکەشی دەکات وای لێدەکات ببێتە بژاردەیەکی باش بۆ ئەوەی زۆرترین سوود بەدەست بهێنیت.

توێژەران گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەی ئەگەر بەدوای رێگایەکدا دەگەڕێیت بۆ باشترکردنی تەندروستیی هەرسکردنت، ئەوا زیادکردنی کەوچکێک هەنگوین بۆ ماست چارەسەرێکی گونجاوە.













گەلەری