سەردێڕ:

کۆبوونەوەی شاندی عێراق و تەیف سامی وەزیری دارایی لەگەڵ حکومەتی کاربەڕێکەر کۆتایی هات

PM:05:49:08/09/2024

23644 جار خوێندراوەتەوە

کۆبوونەوەی شاندی عێراق و تەیف سامی وەزیری دارایی لەگەڵ حکومەتی کاربەڕێکەر کۆتایی هات و چاوگێک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، شاندی بەغدا جەختی لەسەر تەوتینکردنی مووچە لە بانکە فیدڕاڵییەکان کردووەتەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆبوونەوەی شاندی عێراق بەبەشداری تەیف سامی وەزیری دارایی لەگەڵ حکومەتی کاربڕێکەری هەرێم کۆتایی هات.

چاوگێکی ئاگادار بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا شاندەکەی بەغدا جەختیان کردووەتەوە لەسەر بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەڕێگەی بانکە فیدراڵییەکان و رادەستکردنی کۆی داتای فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەش کرد، شاندی بەغدا پێداگیریان کردووە لەوەی داهاتی نەوتی قاچاخ بگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی، هەروەها لەسەر داهاتی نەوتی قاچاخ داوای روونکردنەوەیان لە حکومەتی کاربەڕێکەر کردووە.

لای خۆشیەوە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا شاندی بەغدا داوای کردووە کۆی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بانکە فیدڕاڵییەکان بەبانکی بکرێت.

وتیشی، شاندەکەی حکومەتی عێراق بۆ ماوەی دوو رۆژ یان زیاتر لە هەرێم دەمێننەوە کۆبوونەوەی دیکە لەگەڵ وەزارەت و بەرپرسانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم ئەنجام دەدەن.













گەلەری