پزیشکان هۆشداری دەدەن لە مەترسیی تەقاندنی مل، کە ئەگەر بە نەزانی و بە هەڵە ئەنجامبدرێت، لەوانەیە ببێتە هۆی پچڕانی خوێنبەرەکان و جەڵتەی مێشک.
تەقاندنی مل خوویەکە زۆر کەس بۆ نەهێشتنی فشاری دەروونی یان جامبوونی ملیان ئەنجامی دەدەن، بەڵام پزیشکەکان باس لەوەدەکەن، دەکرێت ئەو خووە زیان بە مل بگەیەنێت.
بەگوێرەی رۆژنامەی "میرۆر"ی بەریتانی، پزیشکی ئەمریکی ئێڤەر ئاریاس باسی لەوەکردووە، لەوانەیە تەقاندنی مل بەشێوەیەکی هەڵە هەندێک جار دەبێتە هۆی شکانی مل یان پچڕانی خوێنبەرەکان و زیان گەیاندن بە دڕکەپەتک یان جەڵتەی مێشک.
ئەو پزیشکە روونیکردووەتەوە، هەوڵدان بۆ تەقاندنی بە شێوەیەکی هەڵە یان ئەنجامدانی چارەسەری کایرۆپڕاکتیک بەبێ وریایی پێویست و کەسی شارەزا، ئەو گرفتانەی لێدەکەوێتەوە و زیان بە ماسولکەکانی دەوری مل و بەشی سەرەوەی شانیش دەگەیەنێت.
ئامۆژگاری ئەو کەسانەش دەکات کە دەیانەوێت ملیان بتەقێنن، لەلای پسپۆڕان و کەسی شارەزای ئەو بوارە ئەنجامی بدەن و تەنها لەو کاتانەدا بێت کە ئەو پسپۆڕە بە پێویستی بزانێت.