سەردێڕ:

ئەڵمانیا رێوشوێنی نوێ بۆ یاساکانی هەڵگرتنی چەک و دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران دەگرێتەبەر

PM:09:35:29/08/2024

1436 جار خوێندراوەتەوە

پارتی دیموکراتی مەسیحی کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە ئەڵمانیا داوای لە حکومەتی بەرلین کردووە چیتر وڵاتەکەی پێشوازی لە پەنابەرانی سوریا و ئەفغانستان نەکات و گۆڕانکاریی ریشەیی لە یاساکانی کۆچبەراندا بکات.


گرتنەبەری رێوشوێنی توند و خێرا بۆ یاساکانی هەڵگرتنی چەک و دیپۆرتکردنەوەی ژمارەیەکی زیاتری کۆچبەران کە مافی مانەوەیان نیە، ئەو هەوڵانەیە کە راوێژکاری ئەڵمانیا بۆ رازیکردنی ئۆپۆزسیۆن و هێورکردنەوەی شەقام دەیدات.

لە دوای هێرشە چەکدارییەکەی ٢٣ ـی ئەم مانگەی شاری (سۆلینگەن) لە ئەڵمانیا کە لەلایەن کۆچبەرێکی سورییەوە ئەنجامدرا و بەهۆیەوە سێ کەس کوژران و هەشتی دیکەش بریندار بوون، دەنگی ناڕەزایەتی بەرامبەر کۆچبەران زیاتر بوون و لەو چوارچێوەیەدا ئۆلاف شۆڵتز راوێژکاری ئەڵمانیا هەنگاو دەنێت بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن سەبارەت بە سیاسەتی کۆچکردن.

لەو چوارچێوەیەدا و لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ فریدریش مێرتز، سەرۆکی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن کە پارتی دیموکراتی مەسیحیە، شۆڵتز ئاماژەی بەوەکرد، تیشکیان خستووەتە سەر دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران و چاکسازیکردن لە یاساکانی هەڵگرتنی چەک.

بەڵام لە دوای کۆبوونەوەکە فریدریش مێرتز جەختی کردەوە، راوێژکاری ئەڵمانیا توانای کۆنتڕۆڵکردنی وڵاتی لەدەستداوە و داوای کرد چیتر وڵاتەکەی پێشوازی لە پەنابەرانی سوریا و ئەفغانستان نەکات و گۆڕانکاریی ریشەیی لە یاساکانی کۆچکردندا بکات.

ئەندامانی پارتی دیموکراتی مەسیحی لە ئەڵمانیا دەڵێن، رێگەدان بە هەڵگرتنی دوو رەگەزنامە، لە گرنگی رەگەزنامەی ئەڵمانیا کەم دەکاتەوە و ئاسانکاری بۆ زیادبوونی رێژەی کۆچبەر و روودانی تاوان دەکات.

ئەوەش لە کاتێکدایە، هەڵمەتەکانی دیپۆرتکردنەوە لە ئەڵمانیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و حکومەتی بەرلینیش باس لەوە دەکات کە ئەگەرچی دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی مافی نیشتەجێبوونیان نییە لە وڵاتەکەی لە ئێستاوە زیادی کردووە، بەڵام دەبێت لەوە زیاتر هەنگاو بنێن.

هاوکات ئۆلاف شۆڵتز جەختی کردەوە، رێساکانی تایبەت بە هەڵگرتنی چەک لە ئەڵمانیا بەتایبەتی بە بەکارهێنانی چەقۆ پێویستە دووبارە توندتر بکرێنەوە، هەروەها بە پێویستی زانی ئەو کارە بە خێرایی بکرێت، میدیاکانی ئەو وڵاتەش پێشبینیان کردووە لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆمەڵێک رێوشوێنی زیاتر لەو بارەیەوە بگیرێتەبەر.

لەلایەکی دیکەوە و دوای دیدارێکی لەگەڵ کیەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە شاری بەرلین، راوێژکاری ئەڵمانیا روونی کردەوە گفتوگۆکانیان سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی و بنبڕکردنی تیرۆر و چاکسازیکردن بووە لە یاساکانی چەکدا.













گەلەری