PM:09:00:26/08/2024
1220 جار خوێندراوەتەوە
پاش ئەوەی دوو هەفتە لەمەوبەر هەوڵەکان بۆ ئاگربەستی حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئەمریکا و قەتەر و میسر لە دەوحەی پایتەختی قەتەر شکستی هێنا، هیواکان لەسەر گەڕی دووەمی دانوساندنەکان هەڵچنران و کۆبوونەوەکانیش لە دەوحەوە گواسترانەوە بۆ قاهیرە، بەڵام هیواکان پوکانەوە و شاندەکانی حەماس و ئیسرائیل بەبێ رێککەوتن میسریان بەجێهێشت.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی باڵای میسرەوە رایگەیاند، نە حەماس و نە ئیسرائیل لەسەر زۆرێک لەو چارەسەرانە نەگەیشتنە رێککەوتن کە نێوەندگیرەکان پێشکەشیان کردبوو.
بەپێی ئەو سەرچاوانەی رۆیتەرز دەستیکەوتووە، خاڵی
سەرەکی ناکۆکییەکان لەسەر رێرەوی نتساریم و فیلادلفایە کە ناسراوە بە (سەڵاحەدین)
بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل هێزێکی زۆری گواستووەتەوە بۆ ئەو ناوچانە و باشور و باکوری غەززەی
کردووە بە دوو بەشەوە، حەماسیش داوای کشانەوەی ئەو هێزانە دەکات و ئیسرائیلیش رەتیدەکاتەوە
و دەڵێت لە دەروازەی ڕەفەح و ڕێڕەوی فیلادلفیا و نەتساریم ناکشێینەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئاگری شەڕ زیاتر لە
١٠ مانگە لە غەززە دەچێت بە ئاسماندا و بەهۆیەوە بە ملیۆنان هاوڵاتی ئاوارە بوون و
زیاتر لە ٤٠ هەزار کەسیش کوژراون، هیواکانیش بۆ کۆتایی شەڕەکە بە نادیاری ماوەتەوە.