سەردێڕ:

تایبەت بە گەشتیارانی ئێران؛ رێکاری نوێ لە دەروازەی پەروێزخانەوە

PM:08:00:24/10/2021

6572 جار خوێندراوەتەوە

دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاند، کە مەرجە ئەو گەشتیارانەی بە دەروازەکەدا تێدەپەڕن بۆ وڵاتی ئێران هەردوو ژەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەگرتبێت و تێستی نێگەتیڤی ڤایرۆسەکەشیان پێبێت.


دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، بۆ لەمەودوا ئەو هاوڵاتی و گەشتیارانەی کە دەیانەوێت سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن، پێویستە هەردوو ژەمی ڤاکسینەکەیان وەرگرتبێت و پشکنینی کۆرۆنایان کردبێت و ماوەی پشکنینەکە بۆ ٩٦ کاتژمێر دەبێت.

دوێنێ کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو گەشتیارانەی کە بەنیازن ڤیزای گەشتیاری ئەو وڵاتە وربگرن پێویستە لە رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٣ی ١٠ی ٢٠٢١ەوە پابەندی بڕیار و رێنماییەکان و پرۆتۆکۆلی تەندروستیبن کە لە لایەن وەزارەتی تەندروستی ئێرانەوە دەرچووە.

ئەوەش هاتبوو، پێویستە گەشتیارە بیانییەکان کە بەنیازن لە تەواوی رێگاکانی زەمینی و دەریایی و ئاسمانی گەشت بۆ ئەو وڵاتە بکەن کارتی ڤاکسینی کۆرۆنا کە لە کوتانی دۆزی دووەم بە لایەنی کەم ١٥ رۆژ تێپەر بووبێت و راپۆرتی نێگەتیڤی پشکنینی کۆرۆنا ( PCR ) کە ماوەکەی لە ٩٦ کاتژمێر تێپەری نەکردبێت؛ پێبێت و پێشکەش بە کونسوڵخانەی ئێرانی بکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوو وڵاتی ئێران بەھۆکاری سەرھەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لەم دواییەشدا بەھۆی بڵاوبوونەوەی زنجیرە گۆڕاوەکانی ڤیرۆسەکە لەو وڵاتەدا و بەمەبستی رێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، سەرجەم دەروازە وشکانی و ئاوی و ئاسمانییەکانی بەرووی گەشتیاراندا داخست.













گەلەری