سەردێڕ:

دواى بڵاوبوونەوەی لە ١٠٠ وڵات؛ ئاوڵەی مەیموون وەک پەتایەکی جیهانی ناسێندرا

PM:01:45:16/08/2024

1004 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی پەتای ئاوڵەی مەیموون سنورەکانی ئەفریقای تێپەڕاند و بۆ کیشوەرەکانی تری جیهان گوسترایەوە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، نەخۆشییەکەی وەک پەتایەکی جیهانی ناساند. وەزارەتی تەندروستی عێراقیش دەڵێت، تاکو ئێستا هیچ حاڵەتێک لە عێراق تۆمار نەکراوە.


لە چواردەی ئەم مانگە و دوای بڵاوبوونەوە پەتای ئاوڵەی مەیموون لە ١٠٠ وڵاتی جیهان، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٩٠ هەزار کەس تووشی ئاوڵەی مەیموون بوون و ١٥٠ کەس بە هۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە، لەسەر ئاستى ئەوروپاش زۆرترین حاڵە لە ئیسپانیا بووە کە زیاتر لە هەشت هەزار حاڵەتی توشبوون تۆمارکراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا ئاوڵەی مەیموون بووە بە پەتایەکی جیهانی و هۆشداری توندیشی بە وڵاتاندا هەتاکوو ڕێکارەکانی خۆپارێزی توندتر بکەنەوە.

لەم بارەیەوە، سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، تاکو ئێستا هیچ حاڵەتیکی پەتاکە لە پارێزگاکانی عێراق تۆمار نەکراوە و وەزارەتەکەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بەدواداچوون دەکات لەسەر هەموو پێشهاتەکان سەبارەت بەم نەخۆشییە لە عێراقدا.

ئاوڵەی مەیموون، نەخۆشییەکی گوازراوەی ڤایرۆسییە، لە ڕواڵەتدا لە دڕکەومێکوتە دەچێت، دیارترین نیشانەکانیشى، دروستبوونى پەڵە لەسەر پێست و لەرز و تای بەهێز و سەرئێشە و پشت ئێشە و ئازاری ماسولکەکانە.

ئاوڵەی مەیموون بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٧٠ و لە وڵاتی کۆنگۆی دیموکرات لە خۆرئاوای ئەفریقا لە ناو مرۆڤدا تۆمار کرا، ئەگەرچی لە ساڵانی دواتردا ناو بەناو چەند حاڵەتێکی نەخۆشییەکە لە هەمان وڵات تۆماردەکرا، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٢ بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو لە وڵاتانی تری ئەفریقا بڵاوبووەوە و لەم ساڵیشدا بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە گەیشتە لوتکە.













گەلەری