سەردێڕ:

دوای ١٠ مانگ؛ نوێترین ئامارەکانی جەنگی غەززە چین؟

PM:07:22:15/08/2024

636 جار خوێندراوەتەوە

١٠ مانگ لە جەنگی غەززە، زیاتر لە ٤٠ هەزار فەڵەستینی بەهۆی جەنگەکەوە گیانیان لەدەستداوە و هەزار و ٢٠٠ ئیسرائیلیش گیانیان لەدەستداوە، لە بۆردوومانەکانی لوبنانیشدا ٥٣٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، میدیا عەرەبییەکان لە زاری سوپای ئیسرائیل و وەزارەتی تەندروستی غەززە و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە نوێترین ئاماری ١٠ مانگی جەنگی غەززەیان بڵاوکردەوە.

لە ئامارەکاندا ئاماژە بەوە کراوە، لە ١٠ مانگی جەنگدا ٤٠ هەزار و پێنج فەڵەستینی لە غەززە گیانیان لەدەستداوە و لە بەشی رۆژئاوای فەڵەستینیش ٦٣٢ فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە و لە بەرامبەریشدا هەزار و ٢٠٠ ئیسرائیلی گیانیان لەدەستداوە.

باس لەوەش کراوە، ٥٩.٣٪ـی باڵەخانەکانی غەززە رووخاون و ٦٠٪ـی خانووەکانی کەرتەکە بە تەواوی رووخاون و ٨٥٪ـی قوتابخانەکانیش رووخاون و لە ٣٦ نەخۆشخانە ١٦ـیان ماون.

ئەوەش خراوەتە روو، هەموو قوتابییەکانی غەززە لە خوێندن بێبەش بوون و زیاتر لە ٤٠٠ هەزار فەڵەستینی رووبەڕووی خراپی ئاسایشی خواردن دەبنەوە و ٦٥٪ـی شەقامەکانی غەززە تێکچوون.

ئەوەش هاتووە، لە جەنگەکەدا ٩٢ هەزار و ٤٠١ فەڵەستنی بریندار بوون و دوو هەزار و ٢٠٦ سەربازی ئیسرائیلیش بریندار بوون و چوار هەزار و ٨٠٠ هاوڵاتی مەدەنی ئیسرائیلیش بریندار بوون.

لە ئامارەکاندا ئاماژە بەوەش کراوە، لە ئێستادا ١.٩ ملیۆن فەڵەستینی ئاوارە بوون کە ئەوەش ٨٦٪ـی دانیشتوانی کەرتەکەیە و ١٪ـی ئیسرائیلییەکانیش لەناوخۆی وڵاتەکەدا ئاوارە بوون.

ماوەی ١٠ مانگە جەنگی حەماس و ئیسرائیل بەردەوامی هەیە و دوایین ئاماری قوربانیانی جەنگی غەززەش ئاشکرای کردووە، تا ئێستا زیاتر ٤٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.















گەلەری