سەردێڕ:

بەغدا و واشنتۆن تاوتوێی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن

AM:09:03:21/07/2021

4920 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، کۆتایی ئەم هەفتەیە دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا بەڕێودەچێت و پرسی مانەوە یان کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیان دەبێت.


هاوکات، تایبەت بە ئەنجامدانی دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا و ئامادەکاری بۆ سەردانەکەی مستەفا کازمی لە رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە بۆ ئەمریکا، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و شاندێکی هاوڕێی گەشتنە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا.


بڕیارە رۆژی ٢٣ی تەمموز، گەڕی چوارەمی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا و عێراق بەڕێوەبچێت و، تیایدا بەغدا و واشنتۆن تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان، هەماهەنگییەکانیان، هەژموونی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق تاوتوێ دەکەن.


بڕیارە هەفتەی داهاتووش، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتن بکات و ٢٦ی مانگ لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆببێتەوە.


پێشتریش، لەراگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، کە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەمەبەستی تاوتوێکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی بەغدا و واشنتۆن، رەوشی ئەمنیی و سیاسی عێراق، هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، هەژموونی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە وڵاتە لە عێراق، تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانیان دەبن.













گەلەری