سەردێڕ:

بە رێکەوت ١٠ گەشتیاری فڕۆکەکەی بەرازیل لە مردن رزگاریان بووە

AM:09:47:10/08/2024

9296 جار خوێندراوەتەوە

میدیا جیهانییەکان رایانگەیاند، ١٠ گەشتیاری فڕۆکەکەی بەرازیل، بەهۆی بوونی گرفت و دواکەوتن و لەدەستچوونی گەشتەکەیان، نەیانتوانیوە بچنە فڕۆکەکەوە و ئەوەش بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی لە مردن رزگاریان ببێت و لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەدا نەبن.


میدیا جیهانییەکان لە زاری شایەتحاڵانی رووداوەکەوە باسیان لەوەکردووە، ١٠ گەشتیار نەیانتوانیوە بچنە ناو فڕۆکەکەوە و گەشت بکەن، بەهۆی ئەوەی هەڵەیەک لەنێوان کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکاندا هەبووە و لە گەشتەکە دواکەوتوون.

ئەوەش هاتووە، ئەو گەشتیارانە چونەتە فڕۆکەخانە و گەیشتوونەتە کۆتا دەروازەی فڕۆکەخانە بۆ چوونە ناو فڕۆکە و دەستپێکردنی گەشتەکەیان، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەمێک دواکەوتوون یەکێک لە کارمەندانی کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکە رێگەی نەداون بچنە فڕۆکەکەوە.

لەو بارەیەوە یەکێک لەو گەشتیارە رزگاربووانە ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەو کارمەندە ژیانی رزگارکردین".

ئەوەش دوای رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بەرازیلی دێت، کە لە شاری کاسکافیلی سەر بە ویلایەتی بارانای بەرازیلەوە بەرەو شاری ساوپاولۆ دەرۆیشت.

فڕۆکەکە ٥٨ سەرنشین و چوار کارمەندی ناو فڕۆکەی تێدا بوو و لە شاری فینیدۆی نزیک ساوپاولۆ و بەر لە گەیشتن بە شوێنی خۆی، کەوتە خوارەوە.
هـ.ئـ













گەلەری