سەردێڕ:

دوو بوومەلەرزەی بەهێز لە ژاپۆن روویاندا؛ هۆشداری روودانی تسۆنامی دەدرێت

PM:01:58:08/08/2024

4744 جار خوێندراوەتەوە

میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، دوو بوومەلەرزەی بەهێز بە گوڕی ٦.٩ و ٧.١ پلەی رێختەر لە دوورگەکانی باشوری رۆژئاوای ژاپۆن روویانداوە و هۆشداری لە روودانی تسۆنامی دەدرێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، دوو بوومەلەرزەی بەهێز لە دوورگەکانی کیوشو و شیکۆکو لە باشووری رۆژئاوای ژاپۆن روویانداوە.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، بوومەلەرزەکان بە گوڕی ٦.٩ و ٧.١ پلەی رێختەر بوون و دەسەڵاتداران هۆشداری لە روودانی تسۆنامی دەدەن لە هەرێمەکانی میازاکی، کۆچی، ئۆیتا، کاگۆشیما و ئێهیمێدا.

ئەوەشیان خستووەتە روو، پێشبینی دەکرێت تسۆنامییەک بە بەرزیی یەک مەتر روو لە ناوچەکانی نزیک دەریا لە دوورگەکانی کیوشو و شیکۆکو بکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە مانگی یەکی ئەمساڵدا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٤ پلە ژاپۆنی هەژاند و ٥٠ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٤ کەسیش بە سەختی برینداربوون.

بوومەلەرزە رووداوێکی سروشتییە و دەکرێت لە هەر کات و سات و شوێنێکدا رووبدات، هەندێک وڵاتیش کە دەکەونە سەر هیڵە چالاکەکانی بوومەلەرزە، دەکرێت زیاتر رووبەڕووی ئەو رووداوە ببنەوە.

لە ژاپۆن بەهێزترین بوومەلەرزە لە ١١ی ئازاری ساڵی ٢٠١١دا لە دوورگەی هۆنشۆدا روویدا کە گەورەترین دوورگەی وڵاتەکەیە، گوڕەکەشی گەیشتە ٩.١ پلە بەپێوەری رێختەر و بەدوای خۆیدا تسۆنامی هێنا کە ئاستی بەرزبوونەوەی ئاو گەیشتە ٢٠ مەتر و ئەو بوومەلەرزەیەش بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی ٢٩ هەزار کەس.
No description available.













گەلەری