سەردێڕ:

دوای هەڵهاتنی سەرۆک وەزیران؛ پەرلەمانی بەنگلادیش هەڵوەشایەوە

خۆپیشاندانەکانی بەنگلادیش
PM:06:50:06/08/2024

1332 جار خوێندراوەتەوە

دوای هەڵهاتنی سەرۆک وەزیرانی بەنگلادیش بەهۆی خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی گەنجانی وڵاتەکە، سەرۆکی بەنگلادیش هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی رایگەیاند.


ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد شەهابەددین سەرۆکی بەنگلادیش، ئەو پەرلەمانەی هەڵوەشاندەوە کە لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا پێکهێنرابوو.

دواتریش ئەمریکا پێشوازی کرد لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی بەنگلادیش و پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان.

دوێنێ، میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، لەژێر فشار و ترسی خۆپیشاندەران سەرۆک وەزیرانی بەنگلادیش دەستی لەکارکێشایەوە و بەرەو هیندستان هەڵهات.

ماوەی زیاتر لە مانگێکە خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ لە شاری دەکا لە بەنگلادیش دەستی پێکردووە دژی سیستمی هەلی دامەزراندنی ئەو وڵاتە کە ژمارەیەکی کەمی دەرچووانی سودمەند دەبوون.

بەهۆی گرژییەکانی نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسەوە نزیکی ٣٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسیش بریندار بوون، هەروەها دەوامی خوێندن لە زانکۆ و قوتابخانەکان راگیرا و حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاری بڕینی هێڵی ئینتەرنێتی لە شاری دەکا دا.

سەرەتای خۆپیشاندانەکان بە ئاشتییانە لەلایەن خوێندکارانەوە دەستی پێکرد، بەڵام بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن پۆلیسەوە خۆپیشاندانەکان فراوانتر بوون و گرژی کەوتە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران تاوەکو وای لێهات خۆپیشاندەران داوایان دەکرد سەرۆک وەزیرانی وڵات دەست لەکاربكێشێتەوە.













گەلەری