سەردێڕ:

لەژێر فشاری خۆپیشانداندا؛ سەرۆک وەزیرانی بەنگلادیش دەستی لەکارکێشایەوە

PM:01:20:05/08/2024

2988 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، لەژێر فشار و ترسی خۆپیشاندەران سەرۆک وەزیرانی بەنگلادیش دەستی لەکارکێشایەوە و بەرەو هیندستان هەڵهات.


ئاماژە بەوەش کراوە، سەرەڕای قەدەغەی هاتوچۆ و بڕینی هێڵی ئینتەرنێت، جەماوەرێکی زۆر لە خۆپیشاندەرانی هەڵیانکوتایە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمی سەرۆک وەزیرانی بەنگلادیش.

ئەوەش خراوەتە روو، لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکان لە ژێر فشار و ترسدا سەرۆک وەزیرانی بەنگلادیش ناچار بوو دەست لەکاربکێشێتەوە و هەڵبێت.

ماوەی زیاتر لە مانگێکە خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ لە شاری دەکا لە بەنگلادیش دەستی پێکردووە دژی سیستمی هەلی دامەزراندنی ئەو وڵاتە کە ژمارەیەکی کەمی دەرچووانی سودمەند دەبوون.

بەهۆی گرژییەکانی نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسەوە نزیکی ٣٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسیش بریندار بوون، هەروەها دەوامی خوێندن لە زانکۆ و قوتابخانەکان راگیرا و حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاری بڕینی هێڵی ئینتەرنێتی لە شاری دەکا دا.

سەرەتای خۆپیشاندانەکان بە ئاشتییانە لەلایەن خوێندکارانەوە دەستی پێکرد، بەڵام بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن پۆلیسەوە خۆپیشاندانەکان فراوانتر بوون و گرژی کەوتە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران تاوەکو وای لێهات خۆپیشاندەران داوایان دەکرد سەرۆک وەزیرانی وڵات دەست لەکاربكێشێتەوە.













گەلەری