سەردێڕ:

چین؛ بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە ٣٠ کەس گیانیان لەدەستدا

PM:11:24:01/08/2024

1144 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی چین بڵاویان کردەوە، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و زریانێکی بەهێز لە پارێزگایەکی ناوەڕاستی وڵاتەکە نزیکەی ٣٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٣٥ کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، میدیاکانی چین بڵاویان کردەوە، لەکاتێکدا شەپۆلێکی گەرمای بەهێز ناوچەکانی باکووری چینی گرتووەتەوە، شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە.

میدیاکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، شەپۆلی بارانبارینی بەخوڕ و زریانێکی بەهێز لە رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەوە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی وڵاتەکەی گرتووەتەوە بەجۆرێک لە ناوچەیەکی نزیک باشووری رۆژئاوای پەکین، پایتەختی وڵاتەکە، رێژەی بارانبارین لە ٢٤ کاتژمێردا ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کردووە و گەیشتووەتە ٦٤٥ ملم.

باسیان لەوەش کردووە، بەهۆی شەپۆلەکە و زریانێکی بەهێز لە پارێزگای هونان لە ناوەڕاستی وڵاتەکە نزیکەی ٣٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٣٥ کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا لە باشووری چین لە ئەنجامی بارانبارینی بەخوڕەوە رێگایەکی خێرا داڕما و بەهۆیەوە ٤٨ کەس گیانیان لەدەستدا.













گەلەری