دانیشتنی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەستیپێکرد و تەوەری سەرەکی دانیشتنەکەش، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆردوومانەکانی سەر لوبنان و کوشتنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماسە.
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە کۆبوونەوە و جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، هێرشەکانی ئەم دواییە پەرەسەندنێکی مەترسیدارن بۆ وڵاتانی ناوچەکە و داوای دان بەخۆداگرتن دەکەین.
ئەوەشی خستە روو، پێویستە
کۆمەڵەی نێودەوڵەتی کاربکەن بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخەکە و رێگری بکەن لە پەرەسەندنی
گرژییەکان و هەوڵە دیپلۆماتییەکان بخرێنە گەڕ بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ و پێشێلکاری.
لایخۆشییەوە، نوێنەری چین و ئەرجەنتین و گانا لە دانیشتنەکەدا،
ئیدانەی جەنگی غەززەیان کرد و داوایان کرد کۆمەڵەی نێودەوڵەتی کار بۆ کۆتایی
هێنانی جەنگەکە بکەن.
لایخۆشییەوە، نوێنەری جەزائیر لە ئەنجومەنی ئاسایش رایگەیاند، داوای
ئاگربەستی دەستبەجێ و بێ مەرج لە غەززە دەکەن و دەشڵێت، " پێویستە هەنگاو بنێین بۆ کۆتایی
هێنان بە گرژیەکان"
هاوکات نوێنەری ئەمریکا باسی لەوە کرد، وڵاتەکەی ئاگاداری کوشتنی هەنیە نەبووە، بەڵام پاڵپشتی ئیسرائیل دەکات لە وەڵامدانەوەی ئەو سەرپێچیانەی بەرامبەری دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵەکانیان لەگەڵ قەتەر و میسر بەردەوامە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بزوتنەوەی حەماس لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئیسماعیل هەنیە کە بۆ ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵ سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەکەیان بوو، لە تارانی پایتەختی ئێران کوژراوە.
دواتر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، پێشبینی ناکەن هیچ جەنگێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست ببێت. جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیاش دەڵێت، "کوشتنی هەنیە تیرۆرێکی سیاسی قبوڵنەکراوە".
هاوکات، خامنەیی رایگەیاند، هەنیە لە خاکی ئێراندا کوژراوە و ئەو وڵاتە بەرپرسیارێتی تۆڵەکردنەوەی لە ئەستۆ دەگرێت و بێدەنگ نابێت.