سەردێڕ:

هندستان؛ بەهۆی رۆچوونی زەوییەوە ٢٤ کەس گیانیان لەدەستدا

AM:08:57:30/07/2024

988 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسانی هندستان رایانگەیاند، بەهۆی رۆچوونی زەوییەوە لە ئەنجامی بارانبارینی بەخوڕ لە باشووری هندستان ٢٤ کەس گیانیان لەدەستدا.


ئەمڕۆ سێشەممە، بەرپرسانی هندستان رایانگەیاند، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ لە ویلایەتی کیرالا لە باشووری هندستان تا ئێستا ٢٤ کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، جگە لە گیانلەدەستدانی ئەو کەسانە، مەترسی ئەوە هەیە کە سەدان کەسی دیکە لە قوڕدا گیر بخۆن.

باسیان لەوەش کردووە، لە ناوچەی وایانادیش پردێک داڕماوە و ئەوەش ئاستەنگی بۆ تیمەکانی فریاگوزاری دروست کردووە لە بەهاناوەچوونی دانیشتوانی ناوچەکە.

لای خۆشییەوە، سوپای هندستان ئاماژەی بەوە کرد، بە مەبەستی هاوکاریکردنی هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان و تیمەکانی فریاگوزاری لە گەڕان و رزگارکردنی دانیشتوانی ناوچەکە، زیاتر لە ٢٠٠ سەربازییان لە نزیک شوێنی رۆچوونی زەوییەکە جێگیر کردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠١٨ لە ئەنجامی بارانبارینی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو لە ویلایەتی کیرالا ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا، لە ساڵی ٢٠٢١ـیشدا بە هۆی داڕمانی زەوییەوە ٢٥ کەس لە ویلایەتەکە گیانیان لەدەستدا.














گەلەری