سەردێڕ:

غەززە؛ جگە لە مردن نەخۆشی پێستیش بووەتە مۆتەکەی منداڵان

PM:06:38:21/07/2024

1096 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە کەرتی تەندروستی غەززە رایگەیاند، ژمارەی گیان لەدەستدان لە غەززە گەیشتووەتە زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس یونسێفیش هۆشداری دەدات لە توشبوونی منداڵان بە نەخۆشی پێست.


ئەمڕۆ یەکشەممە، چاوگێک لە کەرتی تەندروستی غەززە لە لێدوانێکدا بۆ میدیا عەرەبییەکان ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گەیشتووتە ٣٨ هەزار و ٩٨٣ کەس و ٨٩ هەزار و ٧٢٧ کەسیش بریندار بوون.

ئەوەشی خستووتە روو، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ئیسرائیل چوار جار بۆدوومانی کەرتی غەززەی کردووە و بەهۆیەوە ٦٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٠٥ کەسیش بریندار بوون.

باسی لەوەش کردووە، هەزاران کەس لەژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانە رووخاوەکاندا ماون کە تیمەکانی تەندروستی پێیان ناگەن.

لایخۆشییەوە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان 'یونیسێف' رایگەیاند، منداڵانی کەرتی غەززە لە نێوان نەخۆشیەکانی پێست و ژینگەیەکی ناتەندروست و بەردەوامی جەنگ ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت دەبنەوە.

ئەوەشی خستووەتە روو، پێیویستە بە زووترین کات ئاگربەست رابگەیەنرێت.

جەنگی غەززە لە ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و تا ئێستاش درێژەی هەیە، شاندێکی ئیسڕائیلیش لە میسرە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەبارەی راگرتنی جەنگەکە و ئازادکردنی نزیکەی ١٢٠ بارمتە لەژێر دەستی گروپە چەکدارە فەڵەستینییەکان.













گەلەری