سەردێڕ:

نەتەوەیەکگرتووەکان ئیسڕائیل دەخاتە ناو لیستی رەشەوە

PM:10:26:07/06/2024

2480 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی ئەو زیانانەی بەر منداڵانی کەرتی غەززە کەوتوون لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسڕائیل، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاریدا ئیسڕائیل بخاتە ناو لیستی رەشی ئەو وڵاتانەی زیان بە منداڵان دەگەیەنن.


ئەمڕۆ هەینی، جەلعاد ئیردان باڵیۆزی ئیسڕائیل لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئیسڕائیلی خستووەتە ناو لیستی رەشی ئەو وڵاتانەی زیان بە منداڵان دەگەیەنن.

ئاماژەی بەوەش کرد، گۆتێرێس لەسەر بنەمای ئەو زیانانەی بەر منداڵانی کەرتی غەززە کەوتوون لە کاتی شەڕدا ئەو بڕیارەی داوە.

لەوبارەیەشەوە، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل بڵاوی کردەوە، نەتەوەیەکگرتووەکان بەو بڕیارەی خۆی خستووەتە ناو لیستی رەشەوە چونکە لایەنگری حەماس دەکات.

هاوکات، ئیسڕائیل کاتز وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل باسی لەوە کرد، بڕیاری زیادکردنی ئیسڕائیل بۆ لیستی پێشێلکارییەکانی دژی منداڵان کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی ئیسڕائیل لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان دەبێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەپێی ئامارەکان لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ١٥ هەزار منداڵ لە کەرتی غەززە لە ئەنجامی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسڕائیل گیانیان لەدەستداوە.

جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و ماوەی زیاتر لە هەشت مانگە جەنگەکە بەردەوامە، بەپێی دوایین ئامارەکانیش تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٣٦ هەزار کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٨٣ هەزار کەسیش بریندار بوون. هاوکات، بەپێی ئامارەکانی حکومەتی ئیسرائیل تاوەکو ئێستا هەزار و ١٣٩ کەس لە ئیسڕائیل گیانیان لەدەستداوە و هەشت هەزار و ٧٣٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.













گەلەری