سەردێڕ:

پارێزگاری سلێمانی ھۆکاری گرانبوونی سوتەمەنی ئاشکرا کرد

PM:02:09:16/10/2021

10948 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، ھۆکاری گرانبوونی سوتەمەنی پەیوەندی بە حکومەتی ھەرێم و فیدڕاڵی و بازاڕی نێودەوڵەتییەوە ھەیە. دەشڵێت، "لەچەند رۆژی داھاتوودا دەست بەدابەشکردنی ئەو بڕە نەوتە دەکرێت رەوانەی سلێمانی کراوە".


ئەمڕۆ شەممە، ھەڤال ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە کۆنفراسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ھۆکاری گران بوونی نرخی نەوتی سپی و غاز پەیوەندی بە حکومەتەخۆجێیەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی و بازاڕی نێودەوڵەتییەوە ھەیە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا گفتوگۆھەیە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە، ھەرگرفتە و ھۆکارەکەشی جیاوازە.
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، گرفتی غاز پەیوەندی بە چاککردنەوەی پرۆژەی غازی کۆرۆمۆرەوە ھەیە کە لەلایەن کۆمپانیای دانا غازەوەچارەسەر دەکرێت و بەنیازە لە چەند رۆژەی داھاتوودا بەرھەمەکانی بۆ دوو ئەوەندە و بەرێژەی ٥٠٪ بەرزبکاتەوە.
لەبارەی گرانبوونی نەوتی سپییەوە، ھەڤاڵ ئەبوبەکر ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی فیدڕاڵی بەڵێنی داوە بۆ ھەموو ماڵێک بەرمیلێک نەوت دابین بکات و لە ١ی ئەم مانگەوە بینێرێت، بەڵام تا ئێستا بڕی ملیۆنێک و ٥٠٠ لیتری بۆ پارێزگای سلێمانی ناردووە.
وتیشی، لەم رۆژانەدا دەست بە دابەشکردنی ئەو بڕە نەوتەدەکەن کە حکومەتی فیدڕاڵی ناردوویەتی.
لەبارەی گرانبوونی بەنزین و گازۆیلەوە باسی لەوەکرد، ئەمانە لە پاڵاوگە ناوخۆییەکان بەرھەمناھێنرێن، ھەریەک لە حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی نەوتی خاو بە پاڵاوگە ناوخۆییەکان نادەن، بۆ ئەمەش پشتییان بە بازاڕی نێودەوڵەتی بەستووە.
دەشڵێت، لە ئێستادا بازاڕی نێودەوڵەتی خواستێکی زۆری لەسەرە و بەرھەمھێنانیش کەمە.
لەبارەی دابین کردنی بەنزین و گزۆیلەوە، ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، "داوامان لە بازرگانەکانی کردووە لە ھەر شوێنێکەوە بەنزین بھێنن کار ئاسانییان بۆ دەکەین و دەرفەتیان بۆ دەرەخسێنین".
وتیشی، ھیوا دەخوازن کاتێک بازرگانەکان لە بازاڕی نێودەوڵەتی سوتەمەنی دابیندەکەن، ئەو دەستپێشخەرییە ناوەختییانە نەمێنن کە ھەیە، تا بتوانرێت لە کورترین ماوەدا کێشەکە چارەسەربکرێت.
لەبارەی ئەگەری گرانبوونی نرخی غازەوە و ئەو رێکارانەی بەرامبەر بریکارەکان دەگیرێنەبەر، پارێزگاری سلێمانی ئاشکرای کرد، لە ئێستادا غاز لە سلێمانی گراننەبووە، لیژنەکانی قایمقامییەتی سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکان و چاودێری بازرگانی بەوردی  چاودێری ئەم بابەتە دەکەن. 
لەبارەی ھاوردەکردنی بەنزین لە ئێرانەوە، ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا بەھۆی ئەوەی ئێران دەتوانێت بە نرخی بۆرسە سوتەمەنی بفرۆشیت، کە گرانترە لە نرخی پێشووی، ئەمەش وای کردووە گرانتر بکەوێت لە عێراق و ھەرێمی کوردستان.
ئەمە لەکاتێکدایە، ھەر ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر رایگەیاند، بەھۆی چاککردنەوەی وێستگەی کۆرمۆر گرفتی غاز لە تەواوی کوردستاندا سەریھەڵداوە و لەگەڵ خاوەن کارگەکان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە گفتوگۆدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە.
ئاماژەی بەوەشدا، '' دڵنیایی بە ھاووڵاتییان دەدەین کە قەیران دروست نابێت و نرخی غاز بەرزنابێتەوە و لێپێچینەوەمان لەگەڵ بریکارەکانی غاز کردووە و لەمەودوا لێپێچینەوەکانمان توندتریش دەکەین''.
ھاوکات، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە سلێمانی رایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ نرخی بەنزین زیاتر بەرزبووەوەو و ھەر لیترێک بەنزین گەیشتە ١٠٠٠ دینار، ھاوکات نرخی لیترێک بەنزین لە شاری ھەولێر گەیشتە ٩٠٠ دینار بۆ ھەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ.












گەلەری