سەردێڕ:

ھۆکاری گرانبوونی غاز ئاشکرا کرا

PM:12:08:16/10/2021

10804 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری ھەولێر رایگەیاند، بەھۆی چاککردنەوەی وێستگەی کۆرمۆر گرفتی غاز لە تەواوی کوردستاندا سەریھەڵداوە و لەگەڵ خاوەن کارگەکان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە گفتوگۆدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە.


ئەمڕۆ شەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر بە میدیای فەرمی پارتی راگەیاند، چاککردنەوەی وێستگەی کۆرمۆر گرفتی غازی دروستکردووە.
ئاماژەی بەوەشدا، '' دڵنیایی بە ھاووڵاتییان دەدەین کە قەیران دروست نابێت و نرخی غاز بەرزنابێتەوە و لێپێچینەوەمان لەگەڵ بریکارەکانی غاز کردووە و لەمەودوا لێپێچینەوەکانمان توندتریش دەکەین''. 
ئەوەشی خستوەتەڕوو، ھەوڵدەدرێت لەماوەی دوو ھەفتەدا کار چاککردنەوەی وێستگەی کۆرمۆر رابپەرێنرێت و لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیای ساوز کوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە گفتوگۆدان بۆ زیاتر ناردنی غاز بۆ شارەکان. 
پارێزگاری ھەولێر باسی لەوەشکرد، کیشەیەک لەنێوان ھەولێر و بەغدا لەبارەی ناردنی بەنزینەوە دروستبووە و سەرۆکی حکومەت وەزیری سامانە سروشتیەکانی بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە راسپاردووە. 
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنی ھەیینی، لەشاری ھەولێر دوای تێپەڕبوونی تەنھا سێ رۆژ بەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، قەیرانی غاز دروستبوو و نرخەکەی بەرزبوەوە.
ھاوکات، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە سلێمانی رایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ نرخی بەنزین زیاتر بەرزبووەوەو و ھەر لیترێک بەنزین گەیشتە ١٠٠٠ دینار، ھاوکات نرخی لیترێک بەنزین لە شاری ھەولێر گەیشتە ٩٠٠ دینار بۆ ھەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ.












گەلەری