سەردێڕ:

بانکی ناوەندی هۆشدارییەک دەداتە هەڵگرانی کارتە بانکییەکان

AM:09:41:26/04/2024

2644 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، هەر هاوڵاتییەک بەرپرسە لە بەکارهێنانی کارتە بانکییەکەی لە هەر مامەڵەیەکدا و لە ئەگەری بەکارهێنانی هەژماری بانکی و کارتی ئەلیکترۆنی کە رێگەخۆشکەر بێت بۆ پارەسپیکردنەوە رووبەرووی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە، بەتایبەت ئەو هەژمارە بانکیانەی کە لەدەرەوەی وڵات کراونەتەوە.


ئەمڕۆ هەینی، بانکی ناوەندی عێراق هۆشدارییەکی لەبارەی کارتی ئەلیکترۆنی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەمەبەستی کۆنترۆڵکردن وکەمکردنەوەی رێژەی سپیکردنەوەی پارە و مامەڵەداراییە ناوخۆییەکان راپۆرتی مانگانە لەبارەی هەژمارەکان بۆ دادوەری لێکۆڵینەوەی دراوەکان بەرزدەکرێتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، هەر هاوڵاتیەک بەرپرسە لەو هەژمارەی کە بەناوییەوە کراوەتەوە و لە هەر مامەڵەیەکی دارایی کە پێچەوانەی یاساکان و سیاسەتی بانکی ناوەندی بێت بە گوێرەی یاسای ژمارە ٣٩ـی ساڵی ٢٠١٥ـی سپیکردنەوەی پارە مامەڵەی لەگەڵدادەکرێت.

باس لەوەش کراوە، سەرجەم ئەو هەژمارە بانکیانەی کە لەدەرەوەی وڵاتدا کراونەتەوە و بۆ سپیکردنەوەی پارە بەکاردەهێندرێت رووبەرووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.وتیشی، " پێویستە هەر هاوڵاتیەک بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە مامەڵەداراییەکانی خۆی هەڵبگرێت بە پێچەوانەوە بە تۆمەتی سپیکردنەوەی دراوی ناوخۆی و بیانی بە گوێرەی یاسای سزادانی عێراقی خۆی و هەڵگری کارتە بانکییەکە رووبەرووی سزادەبنەوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی ٢٠ـی نیسان چاوگێک لە بانکی ناوەندی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەرجەم ئەو هەژمارە بانکیانەی کە لەدەروەی وڵاتکراونەتەوە و لە رێگایانەوە حەواڵەی ناوخۆی و دەرەکی ئەنجامدەدرێت بۆ ئاڵوگۆڕی دراو خاوەنەکانیان رووبەرووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە بە تۆمەتی سپیکردنەوەی دراوەکان.













گەلەری