سەردێڕ:

نوێترین زانیاری لەبارەی مووچەی مانگی سێ

PM:08:15:03/04/2024

38172 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەگەر بێت و لە وادەیەکی دیاریکراودا هەرێم لیستی مووچە بەبێ کێشە بنێرێت، ئەوا وەزارەتی دارایی عێراق بە گەیشتنی لیستەکە بە خێرایی پێداچوونەوەی بۆ دەکات و پێش جەژن پارەی مووچەی مانگی سێ بۆ هەرێم دەنێرن.


بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تیش، ئەو لیستەی کە ئێستا بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نێردراوە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی تێدا نەبووە، بەڵام لە ئێستادا هەوڵێک هەیە تا لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی بۆ زیاد بکرێت.

هاوکات، عودەی عەواد، پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کاتێکی دیاریکراو هەیە بۆ پڕۆسەی جێگیرکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم. وتیشی، "پێش دوو رۆژ لە ناردنی پارەکە زانیاریەکان نێردراون، پێشتر هەرێم هیچ زانیاریەکیان نەناردبوو بۆیە ئەگەر هەرێم پابەند ببێت، لەم مانگەدا پڕۆسەی جێگیرکردنی مووچە تەواو دەبێت".

لەلایەکی دیکەوە، محەمەد ئیسماعیل، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دەستبەسەرداگرتنی مووچە و درێژکردنەوەی وادەی دابەشکردنی مووچە هۆکارن بۆ دواکەوتنی مووچەی مانگی سێ.

ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم، لەگەڵ تەواوبوونی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات تەرازوی پێداچوونەوە و لیستی مووچەی بێگرفت بداتە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ئەوەی مووچەی مانگی سێ بۆ هەرێم بنێردرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەغدا پارەى مووچەی هێزە ئەمنییەکانیشى بۆ هەرێم نارد، بەپێی داتاکان پارەی بەردەست بۆ مانگی دوو یەک ترلیۆن و ٦٩٢ ملیار دیناربووە و دەتوانرێت مووچەی مانگی سێ پێش جەژن دابەش بکرێت، بەڵام چاوەڕێی هاتنی پارەی دیکەن لە بەغداوە.

حکومەتی کاربەڕێکەر بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو داوای ٩٤٩ ملیار دیناری لە بەغدا کرد، بەڵام بەغدا زیاتر لە ٩٦٠ ملیار دیناری بۆ هەرێم ناردووە.

گۆران عەبدوڵا - بەغدا













گەلەری