سەردێڕ:

سەرۆکی ئەم وڵاتە سیخوڕی بەسەر مۆبایلی هاوسەرەکەیەوە کردووە

PM:03:08:07/10/2021

11612 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای ئێن ئێس ئۆی ئیسرائیلی رایگەیاند، کۆتایى بەو گرێبەستە هێنا کە لەگەڵ حکومەتی ئیماراتدا هەیبوو لەبارەی بەکارهێنانی بەرنامەی "پێگاسۆس"، ئەویش بەهۆى ئەوەى حاکمی دوبەی بەرنامەکەی بەکارهێناوە بۆ سیخوڕی کردن بەسەر مۆبایلی هاوسەرەکەی پێشوویەوە.


ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، دادگای باڵای بەریتانیا پشتڕاستى کردەوە، محەمەد راشد ئالمەکتوم حاکمی دوبەی لەڕێگەی بەکارهێنانی بەرنامەی "پێگاسۆس"ەوە سیخوڕی کردووە بەسەر مۆبایلەکەی شازادە هەییە کچی حسێن، خوشکی شا عەبدوڵای پادشای ئەردەن لەباوکییەوە.

ماڵپەڕی حوڕە ئاماژەی بەوەشداوە، حاکمی دوبەی جگە لە مۆبایلی هاوسەرەکەی، سیخوری بەسەر مۆبایلی هەریەک لە فیونا شاکڵتۆنی پارێزەری هاوسەرەکەی پێشوویی و ئەندامێکی ئەنجومەنی لۆردات و یاریدەدەرەکەی کردووە لەو ماوەیەی لەماڵەوە سەرقاڵی بەخێوکردنی منداڵە تازە لەدایکبووەکانیان بوون.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، ساڵی رابردوو دادگای باڵای بەریتانیا زانیویەتی کۆمپانیای ئێن ئێس ئۆی ئیسرائیلی، کەپەرەی بە بەرنامەی "پێگاسۆس" داوە، ئەو گرێبەستەی هەڵوەشاندووەتەوە کە لەگەڵ ئیماراتدا واژۆى کردبوو لەبارەی بەکارهێنانی بەرنامەکەوە.

دادگای باڵا هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەشی زانیوە کە بەهۆی بەکارهێنانی بەرنامەکەوە بووە بۆ سیخوڕی کردن و پابەندنەبوون بە پێوەر و بنەماکانییەوە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، دوابەدوای ئەوەی دادگای باڵا بڕیارەکەی دەرکردووە، کۆمپانیای ئێن ئێس ئۆی ئیسرائیلی رایگەیاندووە، ئەوکاتەی کۆمپانیاکە گومانی کردووە بەرنامەی پێگاسۆس بۆ مەبەستی خراپ بەکاردەهێنرێت، لێکۆڵینەوەی دەست پێکردووە و لایەنی بەکارهێنەری لێ ئاگادارکردووەتەوە و دواجار کۆتایی بە گرێبەستەکە هێناوە.

لەلایەن خۆیەوە، محەمەد راشد ئالمەکتوم، حاکمی دوبەی سەرلەبەری ئەو بانگەشە و سکاڵایانەی رەتکردەوە لەبارەی کەیسی خراپ بەکارهێنانی بەرنامەی پێگاسۆس بۆ سیخوری کردن بەسەر مۆبایلی هاوسەری پێشوویدا لە دژی بەرزکراوەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە کۆتایی مانگی تەمموزی ئەمساڵدا بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی وانشنتن پۆست، مۆبایلی بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و نزیکەی (٥٠) هەزار کەسایەتیی دیکەی جیهانی سیخوڕیان بەسەردا کراوە و کراونەتە ئامانج.

بەشێک لەمیدیا عەرەبیەکان رایانگەیاند، هەوڵی هاککردنەکە هەریەک لەمستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە.

 

کـ ، ئـ













گەلەری