وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودییە رایگەیاند، لەمەودوا ئەو کەسانەی تەمەنیان لە ٧٠ ساڵ زیاترە دەتوانن عەمرە ئەنجامبدەن، بەڵام بەمەرجی وەرگرتنی ڤاکسین.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، رۆژنامەی عوکازی سعودییە لە چەند چاوگێک لە وەزارەتی حەج و عەمرەی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە، هەر کەسێک تەمەنی لە ٧٠ ساڵ تێپەڕیبێت و دوو ژەم ڤاکسینی دژە کۆرۆنای وەرگرتبێت رێگەیان پێدەدرێت عەمرە ئەنجام بدەن.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، دەسەڵاتدارانی سعودییە پێشتر رێگەیاندا بە ئەنجامدانی
نوێژی بەکۆمەڵ و بەجێگەیاندنی عەمرە بۆ ئەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان ١٢ بۆ ١٨ ساڵ
و ئەو هاوڵاتییانەی تەمەنیان گەیشتووەتە ٧٠ ساڵ، بەڵام بەمەرجی ئەوەی دوو ژەم ڤاکسینی
دژە کۆرۆنایان وەرگرتبێت.
پێشتر، وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودییە ئاشکرای کردبوو، دەبێت ماوەی نێوان
وەرگرتنی ژەمی دووەمی ڤاکسینەکە و ئەنجامدانی عەمرەکە لە ١٥ رۆژ کەمتر نەبێت.
لەبارەی ئەو کەسانەی بەمەبەستی ئەنجامدانی عەمرەکردن سەردانی ئەو وڵاتە
دەکەن، وەزارەتی حەج و عەمرەی ئەو وڵاتە مەرجى ئەوەى دانابوو کە پێویستە ئەو کەسانە
بەڵگەی وەرگرتنی ڤاکسینینان پێبێت تا بیسەلمێنێت هەردوو ژەمەکەیان وەرگرتووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا، وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودییە
رێگەیدەدا بەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان ١٨ بۆ ٧٠ ساڵە عەمرە ئەنجام بدەن، بەمەرجی
وەرگرتنی دوو ژەم ڤاکسینی دژە کۆرۆنا.
کـ ، ئـ