سەردێڕ:

نەتەوەيەكگرتووەكان: زیاتر لە ٣٥٠ ھەزار کەس لە شەڕی ناوخۆیی سوریا کوژراون

PM:07:28:25/09/2021

3936 جار خوێندراوەتەوە

پاش ١٠ ساڵ لە شەڕ و ململانێی بەردەوامی سوریا، رێخراوی گشتی نەتەوەيەكگرتووەكان ئاماری زیانە گیانییەکانی ئەو ١٠ ساڵەی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ژمارەی پشتڕاستکراوەی کوژراوانى شەڕی ناوخۆی سوریا ٣٥٠ ھەزار کەسە، دەشڵێت، "ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە."


میشێل باشلێت بەڕێوەبەری بەشی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە ٤٨ـمین دانیشتنی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکرد، لیستێکیان کۆکردووەتەوە کە ٣٥٠ ھەزار و ٢٠٩ کەس لە خۆدەگرێت کە لە پێکدادانەکانی سوریا لە ماوەی نێوان مانگی ئازاری ٢٠١١وە بۆ ئازاری ٢٠٢١ کوژراون.

بەڕێوەبەری بەشی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ئەوەشی خستەڕوو، لە ھەر ١٣ کەسی کوژراو یەکێکیان ژنە، کۆی گشتی ئەو ژنانەی کوژراون ٢٦ ھەزار و ٧٢٧ ژنن، هاوکات، یەکێک لە ھەر ١٣ کەسی کوژراو منداڵە و کۆی گشتی ئەو منداڵانەی کوژراون ٢٧ ھەزار و ١٢٦ منداڵن.

لە ساڵی ٢٠١٤ەوە، نەتەوەیەکگرتووەکان هەژمارکردنی ئاماری کوژراو و بریندارەکانی راگرتووە، بەهۆی ئەوەی بە وتەی رێکخراوەکە، "کارێکی ئەستەم بووە بتوانن ئاماری وردی قوربانییەکانیان لابێت لە ئەنجامی جەنگی سوریاوە"، بەڵام لەمانگی ئازاری ئەمساڵدا رێکخراوەکە دەستیکردووەتەوە بە هەژمارکردنی ئاماری زیانە گیانییەکان.

سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی لە تونس لە ساڵی ٢٠١١دا، پەلیهاویشت بۆ سوریا و سەرئەنجامیش بوو بەهۆی شەڕی ناوخۆ و دەستێوەردانی دەرەکی وڵاتان و شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەو وڵاتە لە پاش ١٠ ساڵ تا ئێستاش بەردەوامە و وڵاتەکە لە نێوان حکومەتی سوریا و گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە تورکیا و هێزە کوردییەکان و بەرەی نوسڕەدا دابەشبووە.













گەلەری