سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. بۆ یەکەمجار ژنان لە سعودییە بەشداری نمایشی سەربازی دەکەن

AM:11:41:25/09/2021

16172 جار خوێندراوەتەوە

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە میدیا فەرمییەکانی سعودییە بڵاویان کردووەتەوە، لە نمایشێکی سەربازی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا بۆ یەکەمجار ژنە سەربازەکان بەشداری دەکەن.


بەگوێرەی گرتە ڤیدیۆییەکان، ژنە سەربازەکان سەر بەوەزارەتی ناوخۆی سعودییەن و بە جلوبەرگی سەربازییەوە بەشدارییان لە نمایشەکەدا کردووە.

لەچوارچێوەی چالاکییەکانی وەزارەتی ناوخۆی سعودییەدا، ژنە سەربازەکان لە چالاکی پیادەڕۆییدا بەشداری دەکەن.

لەکاردانەوەی گرتە ڤیدیۆییەکاندا، بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەشداریکردنی ژنان لە نمایشەکەدا بە "سەردەمی یەکسانی" وەسف کردووە و بەشێکی دیکە لەو باوەڕەدان "ژنان نیوەی کۆمەڵگەنیین، بەڵکو هەموو کۆمەڵگەن".

ئەمە لەکاتێکدایە، بۆ یەکەمجارە دەسەڵاتدارانی ئەمنی سعودییە رێگەیاندا بە بەشێک لەژنانی وڵاتەکەی بە جلی ئاسایی هاوڵاتییانەوە لە ریزەکانیاندا کاربکەن و لە هەردوو مزگەوتی حەرەم لە مەککە و مزگەوتی پێغەمبەر لە مەدینە لە دابینکردنی ئاسایش و خزمەتگوزاری حاجی و عەمرەکاراندا بەشداری بکەن.

دوای دەستبەکاربوونی محەمەد سەلمان وەک شازادەی جێنشین لە سعودییە بەڵێنیدا کۆمەڵگەی سعودی زیاتر بکاتەوە و چاکسازی کۆمەڵایەتی و ئابوری لە چوارچێوەی نوێکردنەوەی وڵاتەکەیدا جێبەجێبکات و وەبەرهێنەری بیانی بەمەبەستی بەدەستهێنانی جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەی ئابوری و دارایی بهێنێتە ناو وڵات.

بەگوێرەی پلانی "دیدگای ٢٠٣٠" قەدەغەکردنی شۆفێری لەسەر ژنان هەڵگرت و رێگەیدا بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە باوک و برا یان سەرپەرشتیار گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکەن و دەسەڵاتی زیاتری بەژناندا لەناو خێزانەکانیاندا.


کـ ، ئـ














گەلەری