سەردێڕ:

نەتەوە یەکگرتووەکان: گەڕاندنەوەى پەنابەران بۆ سوريا گونجاو نييە

PM:12:51:24/09/2021

4812 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامی لیژنەی نێودەوڵەتی سەربەخۆى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە سوریا رایگەیاندووە، گەڕاندنەوەى پەنابەران بۆ سوريا گونجا نييە و دەشڵێت، "کاتی ئەوە نییە کەھیچ لایەک بیر لەوە بکاتەوە کە سوریا وڵاتێکی گونجاوە بۆ رەوانەکردنەوە پەنابەران، چونکە شەڕ لە دژی مەدەنییەکانی سوریا بەردەوامە".


لە راپۆرتێکی ٤٦ لاپەڕەییدا لیژنەی نێودەوڵەتی سەربەخۆى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە سوریا کە دۆخی مرۆیی سوریای لە ماوەی نێوان ١ی تەمموزی ٢٠٢٠- ٣٠ تەمموزی ٢٠٢١ لە خۆگرتووە، پێشکەشی ٤٨م دانیشتنی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ کرد.
لەو بارەیەوە کارین کۆنینگ ئەبوزەید ئەندامی لیژنەی نێودەوڵەتی سەربەخۆى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە سوریا رایگەیاندووە، رژێمی بەشار ئەسەد، سەدا ٧٠ی خاکی سوریا و سەدا ٤٠ی دانیشتوانی کۆنتڕۆڵ کردووە و تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لە وڵاتەکە بەردەوامە.
 

ئەبوزەید ئەوەشی راگەیاندووە، رژێمی ئەسەد بەردەوامە لە رەشبگیری و دوورخستنەوە و بەردەوامن لەسەر بەڵگەکردنی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتەکە.

باسی لەوەشکردووە، ئابوریی سووریا زۆر بە خێرایی داکەوتووە، نرخی نان بەرزبووەتەوە و نەبوونی ئاسایشی خۆراک، بە بەراوورد لەگەڵ ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی سەرسوڕھێنەر بە رێژەی سەدا ٥٠ بەرزبووەتەوە و دەشڵێت، ڤایرۆسی کۆرۆناش لە تەواوی وڵاتەکە بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، هەر بەپێی راپۆرتەکانی ئەو لیژنەیە دوای ئەو ئارامییەی کە لە ئەنجامی واژۆکردنی لێکتێگەیشتنی نێوان تورکیا و روسیا لە ٥ی ئازاری ئەمساڵدا راگەیاندرا، سەر لەنوێ بۆردومان و تۆپ هاویشتن لە باکوری رۆژئاوای وڵاتەکە دەستی پێکردووەتەوە.














گەلەری