سەردێڕ:

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق: بەشی تەواوی ئەمساڵ گەنممان هەیە

PM:09:15:26/07/2023

2196 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، رێژەی گەنمی عەمبارەکراو پێنج ملیۆن ٥٠٠ هەزار تۆنە و بەشی تەواوی ئەمساڵ دەکات و راگرتنی هەناردەی گەنمی ئۆکرانیا کاریگەری لەسەر عێراق نابێت و دەشڵێت، "پێویستی گەنمی ناوخۆ پڕکراوەتەوە."


ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد خزاعی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، عێراق کاریگەری ئەو گۆڕانە جیهانییەی لەسەر نەبووە بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا و روسیاوە بەرپابووە و و توانیویەتی گەنمی تەواو بۆ بازاڕەکان زامنبکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، تەواوی پێداویستی ناوخۆ لە گەنم لەمساڵدا پڕکراوەتەوە و بڕی پێنج ملیۆن ٥٠٠ هەزار تۆن گەنم عەمبار کراوە.

لەبارەی هاوردەکردنی برنجیشەوە، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەدا، جگە لە هیندستان چەندین بازاڕی دیکە هەیە کە دەتوانن برنجی لێ هاوردە بکەن وەک وڵاتی تایلەند.

ئەوە لەکاتێکدایە، عێراق ساڵانە پێویستی بە چوار ملیۆن و ٦٠٠ هەزار تۆن گەنم هەیە و وەزارەتی بازرگانی عێراق پێشبینی کردووە لەمساڵدا عێراق بتوانێت سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تۆن گەنم بەرهەم بهێنێت و دەبێت کورتهێنان بە گەنمی هاوردە لە وڵاتان پڕبکرێتەوە.

هاوکات وەزیری کشتوکاڵی عێراق لەماوەی رابردوودا رایگەیاند، لە پلانیاندا هەیە لە ساڵی داهاتوودا رووبەری چاندن بە گەنم بۆ شەش ملیۆن دۆنم زیاد بکەن تاکو عێراق بگەیەننە ئاستی خۆبژێوی.

لەمساڵیشدا بڕی گەنمی وەرگیراو لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان بە ٥٠٠ هەزار تۆن دانراوە و لە مانگی ئایاردا بڕی چل ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی بازرگانی هەرێم بۆ ئەوەی دوای چەند رۆژێک لە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم چەکی بانکی بدرێتە جوتیاران و لە ماوەیەکی کەمدا لە بانکەکان پارەی گەنم وەربگرن.













گەلەری