سەردێڕ:

خواردنەوە وزە بەخشەکان دەخۆیتەوە.. زیانەکانی چین؟

PM:02:31:19/09/2021

16872 جار خوێندراوەتەوە

خواردنەوە وزە بەخشەکان وەک تایگەر و هاوشێوەکانی هەموویان بڕێکی زۆر لە ماددەی کافاینیان تێدایە لەگەڵ بڕێک لە ڤیتامینەکان وەک ( ڤیتامین B12 ، B6 ،B1 )، وهەندێك کانزای وەک گۆگرد و سۆدیۆم و کالسێوم لەگەڵ هەندێك ترشی ئەمینییەکان تۆریین و چەوری و ترشی چەوری لەگەڵ چەند جۆرێک گژوگیای وەک جیسینگ و گوادانا و کارنتیین.


دکتۆر کامەران ژاژڵەیی لە هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام نوسیویەتی، خواردنەوە وزە بەخشەکان کۆمەڵێک زیانی بۆ تەندروستی مرۆڤ بە تایبەت ئەگەر ڕۆژانە یان بە بەردەوامی و بڕی زۆری لێ بخورێتەوە، لەوانە:

١. زیاد بوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس وەک قورحەی گەددە و دوانزە گرێ و سورێنچک و گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەددە بۆ سورێنچک و دڵەکزێ و سکچوون.

٢. زیادبوونی ئەگەری شکاویی ئێسک و درز بە هۆی بوونی گۆگرد لەناو ئەو خواردنەوانەدا، چونکە ڕێگە دەگرێت لە هەڵمژینی کانزای کالسێوم.

٣. بوونی ڕێژەیەکی زۆر لە ماددەی کافایین کاریگەری خراپی هەیە لەسەر مێشکو دەمار و دەروونی مرۆڤ و زیادبوونیدڵەڕاوکێ ونائارامی و تووڕەیی و هەڵسوکەوتی شەڕانگێزی و کەمی تەرکیز ، هەروەها دەبێتە هۆی کەمیی ئاسن و کەمخوێنی.

٤. تێکچوونی ئاستی شەکرەی خوێن، زۆر خواردنەوەیان دەبێتەهۆی زۆریی کیش و ئەگەری قەڵەوی و تووشبوون بە نەخۆشی شەکره.

٥. زیادبوونی لێدانی دڵ و بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و گرژبوونی ماسولکەکانی دڵ و ئەگەری توشبوون بە جەڵتەی دڵ .

٦. کلۆربوونی ددان و خواردنی چینی مینای ددانەکان.

٧ هەستیاریی وەک خورانی پێست یا کۆکە و گیرانی بۆریچکەکانی هەناسە.

٨. تێکچوونی خەو و شەونخوونی و سەرئێشە.

٩. ئالوودەبوون لەسەر خواردنەوە وزە بەخشەکان.

تێبینی:

١. بڕی کەڤاینی ناویان لەوانەی خواردنەوە گازییەکان زیاترە.

٢. زیانەکانی بۆ مناڵان و مێرد مناڵان و خانمانی دووگیان زۆر زیاترە.

٣ .ئەم زیانانە لە کاتی خواردنەوەی زۆری خواردنەوە وزە بەخشەکان دەردەکەوێت بۆ نموونە ئەگەر هەموو ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ جارێک لێیان بخورێتەوە، هەروەها ئەم زیانانە زیاتر دەبن ئەگەر کواڵیتیی ئەو خواردنەوانە وەک ستانداردی جیهانی نەبن و شوێن و شێوازی هەڵگرتن و پلەی گەرمی هەڵگرتنیان پێچەوانەی ستانداردی جیهانی. 













گەلەری