سەردێڕ:

ئۆتۆمبێلی ھاووڵاتیەک لە رانیە سوتا

PM:01:58:19/09/2021

19948 جار خوێندراوەتەوە

ئۆتۆمبیلی ھاوڵاتییەک لەرانیە لەنێو ماڵەکەیدا ئاگری تێبەردەبێت و کاتێک تیمەکانی بەرگری شارستانی دەگەنە شوێنی رووداوەکە ئۆتۆمبیلەکە بەتەواوەتی دەسوتێت و خاوەنەکەشی دەڵێت: کێشەم لەگەڵ کەسدا نیە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، خدر حەمەد کە ھاوڵاتییەکی دانیشتووی قەزای رانیەیە، بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کاتژمێر ٣ی بەرەبەیان بەخەبەردێت دەبینێت ئۆتۆمبێلەکەی گڕی گرتووە و دەسوتێت.
دەشڵێت، ھەوڵیداوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵبکات بەڵام نەیتوانیوە، دواتر دراوسێکانی ھاتوون تا یارمەتی بدەن، بەڵام ھەر نەیان توانیوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.
خدر حەمەد باسی لەوەشکرد، پەیوەندییان بە تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کردووە، بەڵام کاتێک ئەوان  گەیشتوون ئۆتۆمبێلەکە بەتەواوەتی سوتاوە. 
بەوتەی خدر کەپێشمەرگەی خانەنشینە، ئاگرەکە نزیک بوو لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت و ماڵەکەشی بسوتێت.
لەبارەی ئەوەی ئەو ھاوڵاتییە گومانی لە کێ ھەیە لە سوتاندنی ئۆتۆمبێلەکەی،  ئاشکرای کرد، ئەو گومانی لەکەس نییە و کێشەی لەگەڵ ھیچ کەسێکدا نییە، بەڵام پێیان وتووە ئەوەی جێگەی گومانە ئەوەیە ئۆتۆمبێلەکەی ماوەی ٩ کاتژمێرە راگرتووە و ئیشی نەکردووە ھەربۆیە ئاسایی نییە خۆی ئاگر بگرێت یان شۆرتی تێدا دروست بێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە ئێستادا پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە روداوەکە و ھیچ زانیارییەکیشی ئاشکرا نەکردووە.  

باخان تۆفیق - رانیە













گەلەری