سەردێڕ:

دوو مانگ بوو تۆمەتبارێکی کوشتن هەڵهاتبوو؛ خۆی رادەستی پۆلیس کرد

PM:05:35:18/09/2021

7720 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی راپەڕین رایگەیاندووە، پاش ئەوەی لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا کەسێک تەقەی لە ماڵی هاوڵاتییەک کردبوو و ژنێکی کوشتبوو و دووانی دیکەی بریندارکردبوو و هەڵهاتبوو، ئەمڕۆ بە ناوی تۆمەتباری ئەو رووداوەوە خۆی رادەستی پۆلیس کرد.


پۆلیسی راپەڕین لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، "رووداوەکە لە ٢٢ی مانگی ٧ی ئەمساڵدا بوو لە ناحیەی سەنگەسەر سەر بە قەزای پشدەر (قەڵادزێ)، تۆمەتبارەکە بە چەکی جۆری کڵاشینکۆف تەقەی لە ماڵی هاوڵاتیەک کردبوو و بەو هۆیەوە ژنێک کوژرا و دوو کەسی تری بریندار بوون، دواتر تۆمەتبار رایکردبوو بۆ شوێنێکی نادیار."

ئاماژە بەوەشکراوە، "دوای رووداوەکە بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمان کرا بە دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە، بەهۆی ئەوەی تۆمەتبار دانیشتووی پارێزگای هەولێرە بنکەی پۆلیسی سەنگەسەر بەنووسراوێک داوای لە پۆلیسی هەولێر کرد بە دەستگیرکردنی، بەڵام بەهۆی نەبوونی زانیاری لەسەر شوێنی خۆحەشاردانی نەتوانراوە دەستگیربکرێت لەو ماوەیەدا."

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ئێستادا و دوای نزیکەی دوو مانگ تۆمەتبار خۆی رادەستی هێزەکانیان لە بنکەی پۆلیسی ناحیەی سەنگەسەر کردووە.

ئەو تۆمەتبارە ناوی ( ح . ش )ـە و دانیشتووی هەولێر، لە دایک بووی ساڵی ١٩٧٢ـوە و پیشەی کاسبە، وەک پۆلیس دەڵێت، "تاوانەکەی لە جەژنی قوربانی ئەمساڵ ئەنجامداوە."













گەلەری