سەردێڕ:

پێشبینى پلاندانان بۆ زیادبوونی دانیشتوانی عێراق لە ٢٠٣٠دا

PM:03:47:18/09/2021

4460 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، پێشبینیدەکرێت بۆ ساڵی ٢٠٣٠ ژمارەی دانیشتوانی وڵات بگاتە ٥٠ ملیۆن کەس. دەشڵێت، "تێکڕای گەشەکردنی دانیشتوان پاشەکشەی کردووە".


ئەمڕۆ شەممە، عەبدوزەهرە هەنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بەگوێرەی پێشبینییەکانی وەزارەت، ژمارەی دانیستوانی وڵات لە ساڵی ٢٠٣٠ دەگاتە ٥٠ ملیۆن کەس.

ئاماژەی بەوەشدا، بە پشتبەستن بە تێکڕای زیادکردنی ساڵانەی ژمارەی دانیشتوان، ساڵانە دانیشتوانی عێراق ٨٥٠ هەزار هاوڵاتی بۆ یەک ملیۆن هاوڵاتی زیاد دەکات، بەمەش تێکڕای گەشەکردنی ساڵانەی دانیشتوان بریتییە ٢.٦٪.

عەبدوزەهرە هەنداوی ئەوەشی خستەڕوو، بەم پێودانگە، پێشبیندەکرێت بۆ ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی دانیشتوانی عێراق بگاتە ٨٠ ملیۆن کەس.

باسی لەوەشکرد، لە سی ساڵی داهاتوودا ئەگەری هەیە تێکڕای گەشەکردنی ساڵانەی دانیشتوان پاشەکشە بەخۆیەوە ببینێت.

بەگوێرەى وتەبێژى وەزارەتەکە، لەگەڵ بەردەوامبوونی پاشەکشەکردنی گەشەکردنی ساڵانەی دانیشتوان، پێناچێت لە ساڵی ٢٠٥٠ پێشبینییەکەیان دروست دەربچێت و ژمارەی دانیشتوان بگاتە ٨٠ ملیۆن کەس.

لەبارەی پلانی ساڵانەی وەزارەتی پلاندانانەوە ئاشکرای کرد، وەزارەت پێشتر پلانی دوور مەودای بۆ سیاسەتی دانیشتوان داناوە و ساڵانە نوێکردنەوەی تێدا دەکرێت بەئامانجی بەگەڕخستنی تواناکانی گەنجان لە رووی ئابورییەوە و رەخساندنی هەلیکار لە کەرتی تایبەت و هەستاندنەوەی هەردوو کەرتی تەندروستی و پەروەردە.

ئەمە لەکاتێکدایە، تا ئێستا لە هەرێم هیچ ئامارێک لەبارەی ژمارەی تەواوی دانیشتوانی هەرێم بە شێوەیەکی دروست بەردەست نییە.


کـ ، ئـ













گەلەری