سەردێڕ:

میدیاى پەکەکە رەتیدەکاتەوە بکوژى شوکرى سەرحەد دەستگیرکرابێت

PM:03:18:18/09/2021

16456 جار خوێندراوەتەوە

میدیاى پەکەکە رایگەیاند "هێشتا بکوژى شوکرى سەرحەد دەستگیرنەکراوە کە دوێنێ لەشارى سلێمانى تیرۆرکرا".


ئەمڕۆ شەممە، لەکاتێکدا ئاسایشى سلێمانى راگەیەندراوێکى لەسەر دەستگیرکردنى بکەری هێرشەکانی ڕۆژانی ١٦ و ١٧ی ئەم مانگەى سلێمانى راگەیاند، ماڵپەرى رۆژنیوزى نزیک لە پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) ئاماژەى بەوە کرد "هێشتا بکوژى شوکرى سەرحەد دەستگیرنەکراوە".

بەگوێرەى ماڵپەرەکە ئەو کەسەى کە دەستگیرکراوە و لە راگەیەندراوەکەى ئاسایشى سلێمانیدا وێنەکەى بڵاوکراوەتەوە ئەو کەسەیە، هێرشی کردووەتە سەر فەرهاد باریش کە لە ١٦ى ئەم مانگەدا کرایە ئامانج و بریندار کرا.

ماڵپەرەکە لە زارى چەند سەرچاوەیەکەوە ئەوەى ئاشکرا کردوە کە هێرشکارى سەر شوکرى سەرحەد تەنیا کەسێک نییە و "ژمارەیەک کەسن و بە پیلان ئەو کارەیان کردووە".

جەختیشى کردەوە "بەپێی زانیارییەکان، ئەو کەسانەی هێرشیان کردووەتە سەر شوکری سەرحەد، چوار کەسن و یەکێکیان تەقەی لێ کردووە، ئەوانی دیکەش لەو دەوروبەرە بوون و دوای هێرشەکە، بە ئۆتۆمبێلیلکی جۆری پیکاپ- تۆیتا، هەڵهاتوون".

دوێنێ هەینى (یاسین بولوت) ناسراو بە شوکری سەرحەد، ئەندامی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان لەشارى سلێمانى تیرۆرکرا و ئەو کارەش کاردانەوەیەکى زۆرى ناوخۆیى دروست کرد.













گەلەری