سەردێڕ:

شێخی ئەزھەر وادەی سەردانەکەی بۆ عێراق ئاشکراکرد

PM:02:31:18/09/2021

5068 جار خوێندراوەتەوە

ئەحمەد تەیب شێخی ئەزھەر رایگەیاند، سەرەتای مانگی تشرینی دووەم سەردانی عێراق و ھەرێم دەکات.


ئەمڕۆ شەممە، ئەحمەد تەیب شێخی ئەزھەر لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان ئاشکرای کرد، سەرەتای مانگی تشرینی دووەم بەسەردانێکی فەرمی دەگاتە عێراق و بەنیازە سەردانی شارەکانی بەغدا و نەجەف و ھەولێر و موسڵ دەکات.
راشی گەیاند، عێراق وڵاتێکی خۆشەویستە لە دڵیدا و ھیوا خوازە بتوانێت سەردانی بکات.
ئاماژەی بەوەشدا، چەندین خاڵی ھاوبەش لە نێوان میسر و عێراقدا ھەیە و ھەردوو وڵات دوو جەمسەری گرنگن لە جیھانی ئیسلامیدا.
لەلایەن خۆیەوە، ئەحەمد نایف دلێمی باڵیۆزی عێراق لە قاھیرە ئەوەی خستەڕوو، لەگەڵ سەرۆکایەتی دەستەی شێخەکانی ئەزھەر رێککەوتوون لەسەر رێکخستنی ئەم سەردانە گرنگە.
ئاماژەی بەوەشدا، شێخی ئەزھەر لەسەردانەکەیدا کارنەمەیەکی تایبەت و فراوانی ھەیە کە چەندین چالاکی لە خۆی گرتووە.
ئەحەمد نایف دلێمی باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا لە عێراق ئامادەکاری دەکرێت بۆ پێشوازیکردن لە شێخی ئەزھەر. وتیشی، سەرۆکایەتی دەستەی شێخانی ئەزھەر زۆر گرنگییان بە عێراق داوە و رۆڵی ھەبووە لە سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەسەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵ پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان بەسەردانێکی گەیشتە عێراق و سەردانی شاری ئوری شوێنەواری، کە بە زێدی ئیبراھیم پێغەمبەر دادەنرێت، کرد و تیایدا لە گەڵ نوێنەری سەرجەم ئاینەکان نوێژی ئیبراھمییان خوێند، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، پاپا فرانسیس سەردانی شاری نەجەف و ماڵی عەلی سیستانی مەرجەعی گەورەی بەشێک لە شیعەکانی عێراق و ھەولێر و موسڵ کرد. دوا بەدوای سەردانەکەی پاپا فرەنسیس، نووسینگەی میدیایی دیوانی وەقفی سوننی عێراق بانگھێشتنامەیەکی فەرمی ئاراستەی شێخی ئەزھەر کرد بۆ ئەوەی سەردانی وڵاتەکە بکات و شێخی ئەزھەریش قەبوڵیکرد.

کـ ، ئـ












گەلەری