سەردێڕ:

لە یانەشەوانەکانی هەرێم چی دەگوزەرێت؟

PM:08:15:17/09/2021

39108 جار خوێندراوەتەوە

لەناو یانە شەوانەکانى هەرێمی کوردستان پارەیەکی زۆر لە دینار و دۆلار فڕێ دەدرێت بەسەر گۆرانیبێژ و سەماکەرەکاندا، دیمەنی فرێدانی ئەو پارەیە ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاودەکرێتەوە، بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی هەندێک جار یانە شەوانەکان پارەی ساختەش بۆ ئەم کارە بەکاردەهێنن لەپێناو هاندانی ئامادەبووان.


حکومەتی هەرێمیش رێگا دەدات بە کارکردنی یانە شەوانەکان بەم شێوەیە، بەڵام شەش ساڵە رێگە نادات بە دروستکردنی مزگەوتێک لە گوندی ئەڵمانی بۆ دانیشتوانی پڕۆژەکە کە نزیکەی دوو هەزار ٥٠٠ خێزانن.

لە یانەشەوانەکانى هەرێمی کوردستان پارەیەکی زۆر لە دینار و دۆلار فڕێ دەدرێت بەسەر گۆرانیبێژ و سەماکەرەکاندا، بە جۆرێک هەندێک جار پارەکە بە ماسیحە کۆدەکرێتەوە، ماوەیەکە ئەم دیمەنانە ناو بەناو لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاودەبێتەوە کە ئاهەنگی شەوانەی یانەشەوانەکان بەمجۆرە پارە فڕێدەدرێت لەلایەن ئەو کەسانەی کە دەچنە ئەو شوێنانە، لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت سلێمانی و هەولێر دەیان و تەنانەت سەدان شوێنی لەمجۆرە هەن کە بەشێکیان پشکی بەرپرسانی پارتی و یەکێتیان تێدایە و کوڕانی بەرپرس و کەسانی نزیک لەو دوو حزبە دەسەڵاتدارە کاتەکانیان لەوێ بەسەردەبەن و بەمجۆرەش پارە فڕێ دەدەن و بوونەتە شوێنێکیش بۆ کاری لەشفرۆشی و کچانی گەنجیان لە وڵاتانی دراوسێوە هێناوەتە ئەو شوێنانە.

رێگەدان بە یانە شەوانەکان بۆ کاری لەمجۆرە لەلایەن پارتی و یەکێتی لە کاتێکدایە کە شەش ساڵە رێگە نادرێت بە دروستکردنی مزگەوتێک لە گوندی ئەڵمانی بۆ دانیشتوانی پڕۆژەکە کە نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ خێزانی تێدا نیشتەجێیە، نەک هەر ئەوەش بەڵکو بە بڕیاری یەکێتی رێگری دەکرێت و ئەو کرێکار و ستافەشی کە کاریان لە دروستکردنیدا کرد لەلایەن هێزێکی ئەمنی یەکێیەوە دەستگیرکران.

کەچی یانە شەوانەکان زۆربەیان نەک هەر مۆڵەیان نییە بەڵکو دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم خۆشیان باس لەوەدەکەن، کە ئەو یانانە بوونەتە شوێنێک بۆ دروستبوونی شەڕ و دەستدرێژی و چەندین حاڵەتی لەمجۆرە لەو یانانە تۆمارکراوە، جگە لەوەش کە لە دۆخێکی دارایی سەختی وەک ئێستادا کە خەڵک بەدەست گرانبونی پێویستیەکان و موچەوە گیرۆدەیە و حکومەت رۆژ بە رۆژ باجیان لەسەر زیاتر دەکات.

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، هەندێکجار یانەشەوانەکان پارەی ساختەش بۆ ئەم کارە بەکاردەهێنن لەپێناو هاندانی ئامادەبووان و لەناو خودی یانە شەوانەکاندا کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت، بۆ ئەوەى هانى ئامادەبووانى یانەکە بدەن پارەی زیاتر بەسەر گۆرانیبێژ و کچە سەماکەرەکاندا هەڵبدەن.

خاوەنى یانەکە لەگەڵ سەماکەر و گۆرانیبێژەکان رێککەوتنی هەیە و پلان دادەنێن کە ئامادەبووان هان بدەن پارە بەسەر سەماکەر و گۆرانیبێژەکاندا هەڵبدەن، ئەویش بە ناوهێنانیان و بردنی خواردن و خورادنەوە کحولییەکان بۆیان، بەو شێوەیە ئامادەبووانى یانەکە دەکەونە رکابەری یەکتر کە کامیان زۆرترین پارە بدات لە یانەکە شاباشی دەکات.














گەلەری