سەردێڕ:

لەسەر کەیسەکەی گۆڤەند زانیاری نوێ هات

PM:09:44:16/09/2021

31620 جار خوێندراوەتەوە

پارێزەرێک کە چەند کەیسێکی تایبەت بە کەیسی گۆڤەندی لەلایە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وەزیری ناوخۆ لیژنەیەکی تایبەتمەندی بۆ بەدواداچوونی کەیسەکە پێکهێناوە، دەشڵێت، "گۆڤەند باندێکی زۆر گەورەیە."


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاسۆ هاشم یەکێک لەو پارێزەرانەی شاری هەولێر کە چەند کەیسێکی تایبەت بە کەیسی گۆڤەند لەلایە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە هەولێر کەسێک بەناوی گۆڤەندەوە دەستگیرکرا و برایە بەردەم دادگا و دواتر بە کەفالەت ئازاد کرا.

ئەوەشی خستەڕوو، کچێک دەستگیرکرا و لەبەردەم دادگادا دانی بەوەدانا پەیوندی لەگەڵ گۆڤەند هەبووە و دواتر بە کەفالەت ئازادکراوە.

دەشڵێت، ئەو کچەی پەیوەندیی لەگەڵ گۆڤەند هەبووە، خۆی لەلای کچان بە خوشکی گۆڤەند ناساندووە تا رازییان بکات بەناوی هاوسەرگیرییەوە پەیوەندی لەگەڵ گۆڤەند ببەستن و وێنە و ڤیدیۆی تایبەتی خۆیانی بۆ بنێرن.

ئاسۆ هاشم باسی لەوەشکرد، گۆڤەند ئەو کچەی پەیوەندی لەگەڵ هەبووە پەشیمانی کردووەتەوە لە دانپێدانانەکەی، دەشڵێت، دادگا دانپێدانانی یەکەمی وەردەگرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا وەزیری ناوخۆ لیژنەیەکی تایبەتمەندی پێکهێناوە تا بەوردی بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسە بکەن و سەرەداوەکان بدۆزنەوە.

لەبارەی ئەو کەسەی لە بەرنامەی (کڵەپ هاوس) خۆی وەک گۆڤەند ناساندووە ئاسۆ هاشم رایگەیاند، لە ئێستادا هیچ کەس نازانێت ئایا ئەو کەسەی دەستگیرکرابوو گۆڤەندی راستەقینەیە یان کەسێکی دیکە، چونکە گۆڤەند ناوێکی نهێنی خوازراوە بۆ باندێکی زۆر گەورە.

وتیشی، لە ئێستادا کەس نازانێت گۆڤەند کێیە و کار بۆ کێدەکات و ئەو پارەیەی کۆی دەکەنەوە چ شێوازێک بەکار دەهێنێت و بۆ کێی کۆدەکاتەوە و کێی لە پشتە و پشتیوانی دەکات.

لە ماوەی رابردوودا بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی چەند کچ و کوڕێکی گەنج تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی هەژاند کە تیایدا جگە لە سوکایەتیکردن بە خۆیان پەشیمانیش دەردەبڕن، دواتریش ئاشکرابوو کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان باندێک فریوی داون و گرتەی ڤیدۆیی گرتوون و هەڕەشەی وەرگرتنی پارەی لیکردون و ڤیدۆکانیشی بڵاوکردونەتەوە.

كـ. ئـ













گەلەری