سەردێڕ:

لە وەزارەتی پێشمەرگەوە لەبارەی گەڕانەوەیان بۆ کەرکوک روونکردنەوە دەدرێت

PM:08:41:16/09/2021

15108 جار خوێندراوەتەوە

شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە کەرکوک ئەو ناوچانەیان بەسەرکردەوە، کە بە ناوچەی بۆشایی ئەمنی ناسراوە و نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت، "کاتی گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ کەرکوک دیارنییە، بەڵام سەرقاڵی دروستکردنی بنکەی سەربازین لە ناوچەکەدا."


ئەمڕۆ پێنجشەممە، شوان شەمێرانی نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تا ئێستا بەشێوەیەکی گشتی کاتی گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان دیارینەکراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا لەگەڵ سوپای عێراق سەرقاڵی پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەشی دیکەن لە نێوان هێزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە بە ئامانجی جێگیرکردنیان لەو ناوچانەی بە شوێنی بۆشایی ئەمنی ناسراون.

شوان شەمێرانی وتیشی، ئەم هەنگاوە بە ئامانجی ئەوە لە داهاتوودا هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هێزەکانی سوپای عێراق بە هاوبەشی لە کەرکوک جێگیربکرێن، هاوکات، داوایان کردووە ئەو شوێنانەی پێویستن خاڵی سەربازی نوێیان تێدا دابنرێن.

شاندەکەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی سوپای عێراق سەردانی باشوری شاری کەرکوکیان کردووە بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی ئەو ناوچانەی بە ناوچەی بۆشایی ئەمنی ناسراون و زۆرجار چەکدارانی داعش لێیانەوە هێرشەکانیان ئەنجامدەدەن.

سەنگەرەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە کەرکوک لە ناوچەکانی، سنوری شوان، پردێ، قەرەهەنجیر، سەرگەڕان، دوبز، لەیلان، سنوری داقوق و سنوری باکوری خورماتوو دەبێت.

هەردوولایەن دەیانەوێت ئەو بۆشاییانە بەهێزی هاوبەش پڕبکەنەوە، کە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ـەوە دروستبوون و ماوەیەکە چەکدارانی داعش زۆرترین جموجوڵیان تێیدا هەیە.

سۆران محەمەد، کەرکوک

كـ. ئـ













گەلەری