سەردێڕ:

فەڕەنسا: سەرکردەیەکی باڵای داعشمان لە بیابانی گەورەی ئەفریقا کوشتووە

PM:12:15:16/09/2021

2424 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆماری فەڕەنسا رایگەیاند، لەهێرشێکی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەیدا "عەدنان ئەبو وەلید سەحراوی" سەرکردەی دیار و باڵای گرووپی چەکداری داعشی لە بیابانی گەورە کوشتووە، بەبێ ئەوەی شوێنی دیاریکراوی کوژرانی ئەو سەرکردە باڵایە ئاشکرا بکات.


ئیمانوێڵ ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەسنا لە پێگەی فەرمی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە، "هێزە سەربازییەکانیان سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەسهێناوە بەکوشتنی سەهراوی لە بیابانی گەورە". دەشڵێت، "لەگەڵ ھاوبەشە ئەفریقایی، ئەوروپایی و ئەمریکاییەکانمان بەردەوامی بەم خەباتەمان دەدەین".

رووداوەکە درەنگانی شەوی رابردوو ئەنجام دراوە و تیایدا ئەو سەرکردە باڵایەی گرووپی چەکداری داعش تیایدا کوژراوە.

نوسینگەی سەرۆک کۆماری فەڕەنسا، سەحراوی بە "بە سەرکردەی دیاری گرووپی چەکداری داعش لەناوچەی ساحلی رۆژئاوای ئەفریقا ناساند و بەئامانجگرتنی سەربازانی ئەمریکا لە هێرشە خوێناوییەکەی ساڵی ٢٠١٧دا لە نەیجیر خستە ئەستۆی گرووپە چەکدارییەکەیەوە".

لەلای خۆیەوە، وەزیری بەرگریی فەڕەنسا، فلۆرانس پارلی لە پێگەی فەرمی خۆی لە تویتەر رایگەیاند، کەسی ژمارە یەکی داعش لە ناوچەی کەنار، لەلایەن ھێزەکانیان کە سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنی بارخان دەکەن، کوژراوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە لە ئەنجامی کارێکی دوورودرێژ بەدى هاتووە.

مانگی تەمموزی ئەمساڵیش، ئیمانوێڵ ماکرۆن وتی، فەڕەنسا بەزووترین کات دەستدەکات بە رێکخستنەوەی هێزەکانی لە ناوچەی ساحل و لەریزی پێشەوەی شەڕی دژی چەکدارانی دژ بە گرووپە چەکدارییەکان دەمێننەوە.

کوژرانی سەرکردەی ژمارەیەکی داعش لە بیابانی گەورە، عەدنان ئەبو وەلید سەحراوی لەلایەن ئۆپەراسیۆنی بارخان کە فەڕەنسا رابەرایەتی دەکات و بارەگاکەی لە وڵاتی چادە، راگەیەندرا.

ئەو رێکخراوە چەکدارییە کە بە "دەوڵەتی ئیسلامیی لە بیابانی گەورە (EIGS)ناسراوە و عەدنان ئەبو وەلید سەحراوی سەرکردایەتی دەکرد، بە بەرپرس لە ھێرشی سەر ناوچە سنوورییەکانی نێوان مالی، نیجەر و بورکینا فاسۆ دادەنرێت.













گەلەری