سەردێڕ:

وتەبێژی کۆمسیۆن: ئەو سیستمەی بەکاردەهێنرێت رێگا نادات هیچ ساختەکارییەک بکرێت

PM:07:52:15/09/2021

3096 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، هەموو رێکارێکیان گرتووەتەبەر تا هەڵبژاردن بێ گرفت بەڕێوەبچێت، دەشڵێت، "ئەو سیستمە ئەلیکترۆنییەی لە هەڵبژاردنەکاندا پەیڕەو دەکرێت رێگا نادات هیچ ساختەکارییەک ئەنجام بدرێت."


جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، هەڵبژاردن لە رۆژی ١٠ی ئۆکتۆبەر بێ گرفت ئەنجام دەدرێت و کۆمسیۆن سەرجەم رێکارەکانی گرتووەتەبەر هەتا هەڵبژاردن بێ گرفت بەڕێوەبچێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوو کۆمپانیای کۆریا و ئەڵمانیا سەرپەشتیاری رێکارەکانی هەڵبژاردن دەکەن، دەشڵێت، هیچ لایەنێک ناتوانێت دەستێوەردان لە کاروباری هەڵبژاردنەکاندا بکات.

جومانە غەلای دەشڵێت، یەکێتی ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتووەکان و ١٣٠ وڵات راستەوخۆ چاودێری هەڵبژاردنەکان دەکەن.

باسی لەوەشکردووە، "ئەو سیستمە ئەلیکترۆنییەی لە هەڵبژاردنەکاندا پەیڕەو دەکرێت رێگا نادات هیچ ساختەکارییەک ئەنجام بدرێت."

راشیگەیاندووە، پێویستە دەنگدەر لە رۆژی هەڵبژاردن مۆری ئەلیکترۆنی و واژۆ بکات بۆ دەنگدان، وتیشی، کارتی دەنگدادان لە رۆژی هەڵبژاردن لۆگۆی حزبەکان و ناوی کاندیدەکانی تێدایە.

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان رادەگەینین."

بڕیارە بە چاودێری چەندین نوێنەری نێودەوڵەتی ئەوروپی و نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی و چەندین رێکخراوی نێودەوڵەتی و دامەزراەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.













گەلەری