سەردێڕ:

کەسوکارى سێ کوژراو لەم ناوچەیەى کوردستان هێزیان کۆکردۆتەوە

PM:06:23:15/09/2021

100056 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەى چەند ڤیدیۆیەک کە دەست ئێن ئاڕ تى کەوتووە لە قەزاى خەبات کەسوکارى ئەو خێزانەى کە سێ کەسیان لێکوژرا هێزیان کۆکردۆتەوە و هەڕەشەى تۆڵەکردنەوە دەکەن.


لەو گرتە ڤیدیۆییانەى کە دەست ئێن ئاڕ تى کەوتووە ئاماژە بەوە کراوە کە هۆزێک لەئامادەباشیدان و هێزیان کۆکردۆتەوە بۆ هەر بڕیارێک کەلەلایەن سەرۆکى هۆزەکەیانەوە دەربکرێت بۆ تۆڵەکردنەوە لە خێزانێکى دانیشتووى ئەو قەزایە کە سێ کەسیان لەو هۆزە کوشتووە.

هاوکات هۆزەکە هێزە ئەمنییەکانى زێرەڤانى بەوە تۆمەتبار دەکەن کە پارێزگارى لەو خێزانە دەکەن کە سێ کەسى هۆزى گۆرانیان کوشتووە.

رۆژى ١١ى ئەم مانگە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە قەزای خەباتی هەولێر شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵەدا دروستبوو و بەهۆیەوە سێ کەس کوژراون و چواری دیکەش بریندارن.

رزگار کۆچەر پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە هەولێر رایگەیاند، شەڕەکە لەنێوان دوو بنەماڵەدا بووە لە قەزای خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرانی ئێن ئاڕ تی، لەئەنجامی شەڕەکەدا، سێ کەس کوژراون کە باوک و دوو کوڕن، هەروەها لەئەنجامی شەڕەکەوە دوو کوڕی دیکەی ئەو پیاوەی کە کوژراوە برینداربوون.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئەوەشی خستەڕوو، لەلایەنی بەرامبەریشدا دوو بریندار هەیە کە برینی یەکێکییان سەختە، هەردوولاشییان دوو خانەوادەی ناسراوی قەزای خەباتن.

لەبارەی هۆکاری روودانی کێشەکەشەوە، رزگار کۆچەر ئاماژەی بەوەکرد، کێشەکە لەسەر بابەتێکی سادە بووە، کە لایەنێکیان فرۆشگای مۆبایلی هەیە و لایەنی بەرامبەریش دوکانی خواردنی خێرای هەیە، تیایدا یەکێک لە بکوژەکان چووەتە لای خواردنی خێراکە و دواتریش، دەمەقاڵە درووست بووە و ئەو رووداوەی لێ کەوتووەتەوە.

 

 

هێرش قادر

ڕزگار کۆچەر 













گەلەری