سەردێڕ:

پاش ١٠ ساڵ؛ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەردانی میسری کرد

AM:12:02:15/09/2021

3736 جار خوێندراوەتەوە

نەفتالی بێننیت سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەسەردانێکی فەرمی گەشتە قاهیرەی پایتەختی میسر و لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆککۆماری میسر لەناوچەی شەرەم شێخی میسر کۆبووە و دواتریش کۆبوونەوەکەیان بە "زۆر گرنگ و زۆر باش" ناوەزەد کرد.


لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەشەوە، لایەنە میسرییەکان دەڵێن، "کێشە و ناکۆکییە هەرێمییەکان تاوتوێ کراوە، لەوانەش رێگاکانی نوێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین."

مانگی رابردوو، نافتالی بێنیت سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی پاش سەرکەوتنی بەسەر بنیامین ناتانیاهۆدا، لەلایەن میسرەوە بانگهێشتی قاهیرە کرا.

بنیامین ناتانیاهۆ کۆتا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بوو کە لەساڵی ٢٠١١دا، سەردانێکی فەرمی بۆ میسر ئەنجامداوە و لەگەڵ حوسنی موبارەک سەرۆکی ئەوکاتەی میسر پێش چەند مانگێک لە هێنانەخوارەوەی لە کورسی دەسەڵات کۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی فەرمی کۆشکی سەرۆکایەتی میسریش، پەیوەندییە سیاسیی و دیپلۆماسییەکان، هەماهەنگییە ئابووریی و ئەمنییەکان و چەند پرسێکی دیکە لە کۆبوونەوەکەی سیسی و بێنیتدا گفتوگۆکراون.

راگەیەندراوەکەدا تیاشیدا هاتووە، "هەموو پاڵپشتییەکی میسر بۆ بەدەستهێنانی پرۆسەی ئاشتی و لەنێویشیاندا پرسی چارەسەری دوو-دەوڵەت و پاراستنی ئەمنییەت و ئاسایشی ناوچەکە" لەلایەن میسرەوە دووپاتکراوەتەوە.

میسر بەیەکەم وڵاتی عەرەبی دادەنرێت، کە لەساڵی ١٩٧٩دا رێککەوتننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا واژۆکردبێت.













گەلەری