سەردێڕ:

دوای هاتنی بەنزینەکەی بەغدا؛ نرخی بەنزین گۆڕانکاری بەسەردا هات

PM:04:36:14/09/2021

35296 جار خوێندراوەتەوە

دوو رۆژە بەنزینەکەی بەغدا لە شاری دهۆک دابەشدەکرێت و ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار گەیشتە هەولێر و بڕیاریشە لە ماوەکانی داهاتوودا بگاتە سلێمانیش، هاوکات، نرخی هەر لیترێک لە بەنزینەکە ٦٩٠ دینارە.


هێرش قادر پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە هەولێر رایگەیاند، ماوەی سێ رۆژە بەغدا بەنزین بۆ هەرێم دەنێرێت و ئەمڕۆش بۆ یەکەم جار بەنزینەکە گەشتە شاری هەولێر.

ئەوەشی خستەڕوو، بڕی بەنزینەکە کە گەشتووەتە شاری هەولێر ٣٦٠ هەزار لیترە و لە رێگای ٢٨ بەنزینخانەوە دەست بەدابەشکردنی کراوە.

لەبارەی نرخی بەنزینەکەی بەغداشەوە، هێرش قادر ئاماژەی بەوەشکرد، نرخی هەر لیترێک بەنزین ٦٩٠ دینارە لە بەنزینخانەکانی هەرێمدا.

دەشڵێت، بڕیارە لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا ئەو بڕە بەنزینەش بگاتە شاری سلێمانی.

بەگوێرەی وتەی بەرپرسانی ئیدارەی شاری هەولێریش، هەفتانە ئەو بەنزینخانانە گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و بۆ هەر هەفتەیەک ٢٨ بەنزینخانە بەنزینەکەیان پێدەدرێت. هاوکات، سەرجەم ئەو بەنزینەش کە دێت بۆ شارەکانی هەرێم لەشاری موسڵەوە دێت.

لە ماوەی رابردوودا، نرخی بەنزین لە شارەکانی هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووە، بەجۆرێک نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ گەشتە ٨٠٠ دینار، کە ئەوەش ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی لێکەوتەوە و نەوەی نوێش بۆ هاوکاری هاوڵاتییان بەنزینی ٥٠٠ دیناری دابەشکرد، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتەوە بەربەستی بۆ دروستکرا تا لە دابەشکردنی بەردەوام نەبێت.













گەلەری