سەردێڕ:

دەنگۆی دروست بوونی ناکۆکی لە ناو تاڵیبان و کوژرانی مەلا برادەر ھەیە

PM:02:12:14/09/2021

33260 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، چەند رۆژێکە دەنگۆی دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان لایەنگرانی مەلا برادەر و لایەنگرانی سیراجەدین حەقانیدا ھەیە و لەو نێوەندەشدا دەنگۆی کوژرانی مەلا برادەر بڵاوکردووەتەوە. ھاوکات، وتەبێژی تاڵیبان دەڵێت، "ھەواڵی کوژرانی مەلا برادەر راست نییە و بێ بنەمایە".


ھەواڵی ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، دەنگۆی ئەوە ھەیە، دوای نزیکەی یەک مانگ لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان، لە ناوخۆی تاڵیباندا جیابوونەوە ھەبێت.
لەلایەن خۆیەوە سوھەیل شاھین وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، مەلا عەبدولغەنی برادەر تۆمارێکی دەنگی بڵاوکردۆتەوە و تیایدا ئەو ھەواڵانەی ڕەت کردۆتەوە کە گوایە لە شەڕێکدا کوژرابێت یاخود بریندار بووبێت.
دەشڵێت، "ھەواڵی کوژرانی مەلا برادەر راست نییە و بێ بنەمایە".
ھەروەھا، بزوتنەوەی تاڵیبان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا مەلا بەرادەر لە کۆبوونەوەیەکدا لە باشووری شاری قەندەھار دەردەکەوێت، بەڵام گرتە ڤیدیۆییەکە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
ئەم ھەواڵانە لەکاتێکدایە، گومانی ئەوە ھەیە ململانێ و ناکۆکی لەنێوان سەرکردە سەربازییەکانی وەکو سیراجەدین حەقانی و سەرکردەکانی مەکتەبی سیاسی تاڵیبان لە دەوحە وەک مەلا عەبولغەنی بەرادەر، کە سەرپەرشتی ھەوڵە دیبلۆماتیەکانی کرد بۆ گەیشتن بە رێکەوتنێک لەگەڵ ئەمەریکادا، سەری ھەڵدابێت.
پێشتر، بزوتنەوەی تاڵیبان چەند جارێک رەتی کردووەتەوە دابەشبوون  و ناکۆکی و ململانێ لەناوخۆی بزووتنەوەکەدا ھەبێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، گروپی چەکداری حەققانی بە توندڕەوترین باڵی سەربازی ناو بزوتنەوەی تاڵیبان دادەنرێت و تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی خوێناوی ترین ھێرشە سەربازییەکان. 
پێشتر، مەلا عەبدولغەنی برادەر، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی تاڵیبان بوو لە دەوحەی پایتەختی قەتەر و سەرۆکی شاندی دانوستکاری بزوتنەوەکە بووە بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستان و ئەمریکا. لەماوەی رابردوودا دەنگۆی ئەوە ھەبوو بکرێتە سەرۆکی نوێی ئەفغانستان، بەڵام وەک جێگری سەرۆک دەستنیشانکرا و ماوەیەکە دەرناکەوێت و لەو شاندەی تاڵیبانیشدا نەبوو کە رۆژی یەکشەممە لە کابوڵ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قەتەردا کۆبوونەوە.

کـ ، ئـ












گەلەری