سەردێڕ:

زانکۆی سلێمانی لەبارەی کاتی دەستپێکردنەوەی دەوامەوە روونکردنەوە دەدات

PM:10:43:13/09/2021

11040 جار خوێندراوەتەوە

لەبارەی وادەی دەستپێکردنەوەی دەوامی زانکۆی سلێمانییەوە، سەرۆکی زانکۆکە رایگەیاند، تا ئێستا رۆژی دەستپێکردنەوەی دەوامی زانکۆی سلێمانی دیارینەکراوە، بەڵام بەگوێرەی ئەو چوارچێوەیەی کە بۆیان دیاریکراوە، "تا کۆتایی ئەم مانگە دەست بەدەوامی زانکۆ دەکەنەوە."


رەزا حسێن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا بڕیار نەدراوە کەی دەست بە دەوامی زانکۆ بکرێتەوە، بەڵام لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانیدا بڕیار دەدرێت چ رۆژێک دەوامی زانکۆی سلێمانی بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢١-٢٠٢٢ دەستپێبکاتەوە.

لەبارەی چۆنییەتی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵیشەوە لە زانکۆی سلێمانی، رەزا حسێن ئەوەشی خستەڕوو، بەگوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ لەنێو "کەمپەس"دا دەبێت و خوێندنی ئەلیکترۆنییەکانیش تایبەت بە خوێندنی ئۆنڵاین بەکراوی دەمێنێتەوە بۆ حاڵەتی پێویست.

سەرۆکی زانکۆی سلێمانی راشیگەیاندووە، بەمەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی و خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەندروستی سلێمانی بڕیاریداوە کە تەواوی مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن و تەواوی فەرمانبەران و خوێندکارانیش، پابەندبن بە گرتنەبەری رێکارە خۆپارێزییەکان.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بڕیارە سبەی یەکەم رۆژی دەستپێکردنەوەی خوێندنی ساڵی ٢٠٢١-٢٠٢٢بێت لە وەزارەتی پەروەردە و دەبێت تا کۆتایی ئەم مانگەش خوێندنی زانکۆکانیش دەستپێبکاتەوە.













گەلەری